
دەوڵەتی کانادا لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە حیزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگە جۆراوجۆرەکانی وەک بازرگانی بە ماشینی لووکس و ماددەی هۆشبەر بە کەڵکوەرگرتن لە ئەنجومەنە خێرخوازییەکان لە هەوڵی دابینکردنی سەرچاوەی داهاتی خۆیدایە.
ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، دەوڵەتی کانادا کە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵا لانیکەم یەکێک لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە وەکوو بنکەی مامەڵەکردن بە ماشینی لووکس و ماددەی هۆشبەر بەکار دێنێت.
ڕاپۆرتی دەوڵەتی کانادا سەرەڕای باسکردن لە هەڵسەنگاندنی وەزارەتی دارایی بەنیسبەت دۆخی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی سەرچاوەی ماڵیی تێرۆریزم لە ساڵی ٢٠٢٥، ئاماژەی بەوە داوە کە چەندین گرووپ کە بەپێی یاسای کانادا وەکوو گرووپی تێرۆریستی دەناسرێن، خاکی کانادا وەکوو بەستێنی دابینکردنی سەرچاوەی داهات بەکار دێنن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕاپۆرتە، حیزبوڵڵا ١٢٦ کاناڵی قاچاخی ماددەی هۆشبەری لە کانادا و ئەمریکای لاتین لەبەر دەستدایە و مامەڵە بە ماددە هۆشبەرەکانی وەکوو کۆکائین، هێرۆئین، فێنتالین و کەپتاگۆنەوە دەکەن.
هەروەها پێشتریش محەممەد ئیبراهیم بەزی، شارۆمەندی لوبنانی لە مانگی دێسامبری ٢٠٢٤ بە تاوانی پێوەندیدار بە چالاکیی تێرۆریستی دانی بەوەدا نابوو کە کەسێکی دیکەی ناچار کردووە کە مڵک و خانووی خۆی لە ویلایەتی میشیگان بفرۆشێت و بۆ حیزبوڵڵای بنێرێتەوە.
ئەو ڕاپۆرتەی دەوڵەتی کانادا دەرخەری ئەوەیە کە چالاکیی هەڵسووڕانەی ئەو گرووپە لە ئەمریکای باکوورە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە کانادا و ئەمریکا حیزبوڵڵایان وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی لە قەڵەم داوە.
لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە حیزبوڵڵای لوبنان گرووپی تیرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کانادا و ئەمریکای لاتین چالاکیی بووە و ئەو وڵاتانەی وەکوو ناوەندی چالاکییە نایاساییەکان وەکوو مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر بەکار هێناوە.