
سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوە و وەزیری نێوخۆیی ئۆسترالیا لەبارەی دەرکردنی باڵوێز و کارمەندانی باڵوێزخانەی ڕێژیم لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی دژەیەهوودییانەوە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوی سێ وەزارەتخانەی ئۆسترالیادا هاتووە کە بەهۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی لە هێرش بۆ سەر یەهوودییەکاندا بووە، دەوڵەتی ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات یاسایەک بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران پەسەند بکات.
دەوڵەتی ئۆسترالیا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئیران لە دوو هێرشی دژەیەهوودییانەی مێلبۆرن و سیدنیدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە و دەوڵەتی ئۆسترالیا ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران بە هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەی خۆی و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ دەزانێت.
بە بڕیاری دەوڵەتی ئۆسترالیا، چالاکییەکانی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران هەڵپەسێردراوە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران و سێ لە کارمەندانی ئەو باڵوێزخانەیە دەبێت ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.
هەر لەو پێوەندییەدا پێنی وانگ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە بارەی بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران وتی: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو هەوڵانەی سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی زۆر مەترسیدار و دەستدرێژیکارانەیە و هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە و باڵوێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەبێت هەتا ٧ ڕۆژی دیکە خاکی ئۆسترالیا بەجێ بهێڵن".
ئانتۆنی ئالبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئۆسترالیا هێرشی تێرۆریستی دژی کەنیسەی ئاداس ئیسرائیل لە مێلبۆرن و ڕێستوورانی لۆئیس کانتینتاڵ لە سیدنیی بە "دەستدرێژیی چاوەڕوان نەکراو و مەترسیدار" لە قەڵەم دا و وتی: "ڕەنگە کۆماری ئیسلامی هێرشی زیاتری لە خاکی ئۆسترالیا بەڕێوە بردبێت".