
دۆخی ئاوە ژێرزەمینییەکان لە پارێزگای کرماشان گەیشتووەتە حاڵەتی قەیران و بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی لە پێدانی وادە و بەڵێن و دروشمی دووبارەکراو بەردەوامن و لەهەوڵدان کارەساتەکە بشارنەوە.
سەرپەرستی ئاوی ناوچەیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە لە کۆی گشتیی ٢٣ بازنەی لێکۆڵینەوەدا، ١٣ بازنە لە دۆخی قەیراناویدان.
مورتزا حەسەنئابادی ڕایگەیاندووە کە ١١ بازنە لە پارێزگاکەدا قەدەغە کراون و دوو بازنەش لە دۆخێکی قەدەغەکراوی قەیراناویدان و کەمیی قەبارەی ئاوی خەزێنەکانی پاشەکەوتکردنی ئاوە ژێرزەمینییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە یەک میلیارد و ٣٤٠ میلیۆن میتری سێجا.
ناوبراو هۆشداریی داوە کە درێژەی ئەم ڕەوتە دەتوانێ ڕۆچوونی زەویی بەدواوە بێت؛ کارەساتێک کە لە پارێزگاکانی دیکەدا ڕووی داوە و هەڕەشە لە ژێرخانەکان و ژیانی خەڵک دەکات.
ئەم بەرپرسە بە بێ ئەوەی کە ئاماژەیەک بە سیاسەتە زۆروزەوەندە ماڵوێرانکەرەکانی ڕێژیم بکات، قەیرانی ئاوی خستووەتە ئەستۆی بیرەئاوە نایاساییەکان و ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن وەرزێڕانەوە.
گەشەی بێ پلانی وەرزێڕیی نەریتی، لەبەرچاونەگرتنی ڕێژەی بارین و نەبوونی گەڵاڵەی سەقامگیری بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا دۆخی ئەمڕۆی کرماشانی بەدواوە بووە.
سەرچاوەی قەیرانی ئاو نەک بە هۆی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن خەڵکەوە، بەڵکوو بە هۆی سیاسەتی ناکارامە و گەندەڵیی سیستماتیک لە پێکهاتەی ڕێژیمە و بە بێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوەی بەڕێوەبردنی ئاو، گۆڕینی سیاسەتی وەرزێڕی و کۆتاییهێنان بە کەڵكئاوەژووی ڕێژیم لە بەهرەمەندبوون لە سەرچاوە سروشتییەکان، داهاتوویەکی تاریک چاوەڕوانی کرماشان و سەرتاسەری کوردستان دەکات.