
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان پشتراستی کردەوە کە پێدانی ڤیزای مرۆڤدۆستانە بە هاووڵاتییانی هەندێک وڵات لەوانە ئێرانی ڕاگرتووە.
ئەو بڕیارە هەمان ڕێکارە خێراکان لەخۆ دەگرێت کە بەپێی بەندی ٢ بڕگەی ٢٢ی یاسای نیشتەجێبوون لە ئاڵمان، ڕێگەی بە مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵە بەو کەسانە دەدا کە مەترسییان لەسەرە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، ئەم ڕێکارانە کە پێشتر بۆ هاوڵاتییانی ڕووسیە، بێلاڕووس، ئەفغانستان و ئێران جێبەجێ دەکران، لە کۆتایی مانگی مەی ئەمساڵەوە ڕاگیراون.
هەرچەند ئەو وەزارەتە ڕایگەیاندووە کە پرۆسەی قەبووڵکردنی ئەو چالاکوانانەی بەهۆی خەبات بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و دێموکراسی و مافی مرۆڤەوە مەترسییان لەسەرە دەست پێ دەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەمە ڕانەگەیاندووە.
چالاکانی مافی مرۆڤ ئەم بڕیارە بە زەربەیەکی قورس لە قوربانییانی سەرکوت لە ئێران دەزانن. بێهروز ئەسەدی لە نامەیەکی کراوەدا هۆشداریی داوەتە دەسەڵاتدارانی ئاڵمان کە قەدەغەکردنی ڤیزا ژیانی ناڕازییان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە. هاوکات کەمپەینێکی ئانلاین بە پشتیوانیی بەربڵاوی خەڵک و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەو بڕیارە دەستی پێ کردووە.
کەوسەر ئێفتخاری، لە قوربانییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان چاوی لەدەست دا و ساڵی ڕابردوو بە هەمان ڤیزا چووە ئاڵمان، وتی: ''چۆن دەکرێت ئێران بە وڵاتێکی سەقامگیر هەژمار بکرێت لەکاتێکدا ڕۆژانە ژمارەی ئێعدام و دەسبەسەرکردنەکان تێیدا لە زیادبووندایە.