
ڕۆژی هەینی ٣١ گەلاوێژی ١٤٠٤، کاک محەممەد ئەلیاسی کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری خەڵکی سەردەشت لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک محەممەد ئەلیاسی خەمخۆری پێشمەرگە بوو و خزمەتی زۆری بە پێشمەرگە و خەڵکی باشووری کوردستان کردووە.
کاک محەممەد ناسراو بە حەمەی فەقێ ڕەسووڵ لە بەر ئەوەی ئامادە نەبوو سەربازی بۆ ڕێژیمی پاشایەتی بکات، لە سەربازی هەڵدێت و ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان.
لە درێژەی سەختییەکانی ژیانیدا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی بەعسەوە دەگیرێت و ١٣ مانگ لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردانەکانی بەعسدا ژیان بەسەر دەبات و پاشان لە کاتی گۆڕینەوەی دیلەکاندا ئازاد دەکرێت.
کۆڕێکی کاک محەممەد بە ناوی عەبدوڵڵا ئەلیاسی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، بەو هۆیەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە زۆر ئازار و ئەشکەنجە درابوو.
شایانی باسە عەبدوڵڵا ئەلیاسی ئێستا ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاندە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.