کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاینەنشال تایمز: ئیسرائیل لەهەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی گوشاری زیاتری سەربازییەوە بارمتەکانی ژێردەستی حەماس ئازاد بکات

16:47 - 13 گەلاوێژ 2725

بە وتەی رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز، دەوڵەتی ئیسرائیل لەهەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی بەربڵاوترکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی لە غەززە گوشارێکی زیاتر بخاتە سەر حەماس تا بارمتەکان ئازاد بکات.
ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی نێتانیاهوو لەهەوڵدایە تاکوو بە ڕاوێژکردن لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ هاواهەنگییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لەم چەشنە زیاتر بکات.
فاینەنشاڵ تایمز جەختیشی کردووەتەوە کە ئەگەری چڕبوونەوەی گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە ئەگەری جێبەجێکردنی وەها گەڵاڵەیەک لە بەرچاودایە.
بە بڕوای ئەم سەرچاوە ئیسرائیلییە، بیرۆکەی ئازادکردنی بارمتەکان لە ڕێگەی گوشاری سەربازییەوە لەنێو دەوڵەتی ئیسرائیلدا پەرەی سەندووە و دەرکەوتووە کە حەماس هیچ مەیلێکی بۆ ڕێککەوتن نییە.
تاکوو ئیستا وتووێژە چەند لایەنەکان بۆ گەیشتن بە دانوستان یان ئاگربەستێک لە غەززە بەرەوڕووی شکست بووەتەوە.
حەماس خوازیاری گەرەنتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە لە حاڵێکدا کە ئیسرائیل خوازیاری ئازادکرانی بارمتەکان بە زووترین کات و بەبێ هیچ مەرجێکە.
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل چەند جار لەسەر ئەوە جەختیان کردووەتەوە کە ئەم شەڕە، شەڕی کۆتاییهێنان بە حەماس لە غەززە دەبێت و بە وتەی خۆیان کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ کۆتایی حەماس یەکیک دەبێت.