
ڕۆژنامەی "گاردییەن" لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی چالاکییە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە نووسیویەتی: "ڕێکاری ئێران لەمەڕ توندوتیژیی نهێنی و سیخوڕی لە ساڵی ٥٧ـەوە درێژەی هەبووە و زیاتر لە ٢٠٠ کردەوە لەوانەش تێرۆر و ڕفاندن بە ئامانجی زیانگەیاندن بە خاڵە لاوازەکانی وڵاتانی دوژمنی خۆی بەمەبەستی قەرەبووی لاوازییەکانی بەڕێوە بردووە".
"گاردییەن" لە زاری کارناسانەوە نووسیویەتی: "ئەوە بەشێک لە شەڕی ڕانەگەیەندراوی تارانە".
لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا بە ئاماژەدان بە دەرکردنی باڵوێزی ڕێژیم لە ئۆسترالیا و ڕۆڵی ئەو ڕێژیمە لە هێرشە دژەیەهوودییەکانیدا هاتووە کە هەرچەند بەرپرسانی ئۆسترالیایی باسیان لە وردەکاریی زیاتری ئەو هەوڵە تێرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامی نەکردووە بەڵام کارناسانی هەڕەشە دەوڵەتی و زانیارییەکانی زانستگای سەڵتەنەتیی بریتانیا ڕایانگەیاندووە: "ئۆسترالیاییەکان بە بێ هۆکار کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرایی تاوانبار ناکەن".
گاردییەن لەو ڕاپۆرتەدا زیادی کردووە کە "توێژەران لە ساڵی ٥٧ـەوە زیاتر لە ٢٠٠ عەمەڵیاتی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری جیهانیان شاناسایی کردووە و هەموو ئەو هەوڵە تێرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە بەڕێوە چووە".
ئەمریکا، بریتانیا و کانادا هاوکات لەگەڵ ١٢ وڵاتی ئورووپایی لەم دواییانەدا هەوڵەکانی سیستەمی ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتن، ڕفاندن و ئازارگەیاندن بە دژبەرانی خۆی لە ئورووپا و ئەمریکای باکووریان مەحکووم کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان بە "ساختەکاریی ئاشکرا" لە قەڵەم داوە.