
تۆماس باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە سووریە دەڵێت، دەوڵەتی لوبنان یەکشەممەی داهاتوو ٢٩ی خەرمانان پلانێک دەخاتە ڕوو کە ئامانج لێی ڕازیکردنی حیزبوڵڵا بۆ چەکدانانە و هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل چوارچێوەیەکی بەرامبەر بۆ کشانەوەی نیزامیی خۆی بخاتە ڕوو.
توماس باراک ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان دوای دیدار لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە بەیروت ڕایگەیاند، پێشنیارەکەی لوبنان گوشاری هێزی نیزامی تێدا نییە، بەڵکوو تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکان بۆ هاندانی حیزبوڵڵا کە چەکەکانی ڕادەست بکات.
بەشێک لەم پلانە، تایبەتە بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی داماڵینی چەک لەسەر ئەو چەکدارانەیە کە لەلایەن ئێرانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت و بڕیارە قەتەر و عەرەبستانی سعوودی لەم بوارەدا ڕۆڵیان هەبێت.
ئەم پشتیوانییە بەشێک لە دەسپێشخەرییەک دەبێت، کە ئامانج لێی دابینکردنی بەدیلێکە بۆ سیستمی پارەدانی حیزبوڵڵا.
هەروەها نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، دوای دیدار لەگەڵ هەیئەتێکی ئەمریکایی، ڕایگەیاند کە لوبنان ڕێگایەکی نەگەڕاوەی بۆ دانانی هەموو چەکەکان لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدا گرتووەتە بەر و بڕیارە حەفتەی داهاتوو ئەرتەشی لوبنان پلانێکی تۆکمە لەو بارەیەوە بخاتە ڕوو.
هەنگاوی ئەم دواییەی کابینەی لوبنان بۆ ڕادەستکردنی ئەرکی داڕشتنی پلانێک کە چەکوچۆڵ تەنیا لە دەستی ئەرتەشدا بێت، حیزبوڵڵای تووڕە کردووە، ئەو گرووپە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت دەڵێ ئەم پلانە تەنیا سوودی بۆ ئیسرائیل هەیە.
بەپێی ئەو پلانەی ئەمریکا پێشکەشی کردووە، پێویستە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر خاکی لوبنان ڕابگرێت، بۆ ئەوەی ئەرتەشی لوبنان بتوانێت پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە گرووپە چەکدارەکان بەتایبەت حیزبوڵڵا تەواو بکات.