کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گروسی باسی لە گەڕانەوەی تیمی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بۆ ئێران کردووە

10:59 - 5 خەرمانان 2725

ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند کە تیمی چاوەدێرانی ئەو ئاژانسە دوای چەندین مانگ هەڵپەساردنی ئەرکەکانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان لە ئێران.

ڕافائێل گروسی سێشەممە ٤ی خەرمانان لە وتووێژێک لەگەڵ "فاکس نیووز" وتی: "گەڕانەوەی چاوەدێران بۆ ئێران لە دوای هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا کە بووە هۆی هاتنەدەرەوەیان، لە ئێستادا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت".

ناوبراو باسی لەوە کرد کە کاتێک هێرشەکان دەستیان پێ کرد، ڕوون بوو کە چیتر ئیمکانی چاوەدێری و بەردەوامیی ئەرکی ئەو چاوەدێرانە نەماوە چونکە دۆخەکە دۆخی شەڕ بوو بۆیە ئێمە ئەو وڵاتەمان چۆڵ کرد و لەو کاتەوە هەتا کاتی ئەم وتووێژە نەگەڕاوینەتەوە بۆ ئێران".

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتی: "ڕێژیمی ئێران ئەندامی ڕێککەوتننامەی ڕێگریی لە پەرەپێدانی چەکی ناوکییە و دەبێت چاوەدێریی چاوەدێران قەبووڵ بکات و بە بێ بوونی ئەو چاوەدێرانە هیچ دانوستانێکی جیددی سەر ناگرێت".

هاوکات ڕاپۆرتگەلێک لەمەڕ هەڕەشە ئەمنییەتییەکان دژی ناوبراو و دانوستانی بێ ئاکامی کۆماری ئیسلامی و سێ وڵاتی ئورووپایی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لە ژنێڤ لەبارەی مێکانیزمی ماشە بڵاو کراونەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە گروسی لەم دواییانەدا بەهۆی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوبراو، هێزە تایبەتییەکان ئۆتریش لە ئەگەری  بەکردەییکردنی ئەو هەڕەشانەم گروسیان خستووەتە ژێر چاوەدێریی چڕی ٢٤ کاتژمێرییەوە.

هەروەها لارێنس نۆرمێن، ڕۆژنامەوانی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتەکەیدا بەنیسبەت دانوستانی نێوان بەرپرسانی ڕێژیمی تاران و سێ وڵاتی ئورووپایی لە ژنێڤ باسی لەوە کردووە کە بەڵێنییەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ وردەکارییەکی پێویستی تێدا نەبووە و لە زاری سەرچاوەیەکی ئورووپاییەوە نووسیویەتی: "کاتی ڕەچاوکردنی بڕیارە ڕێکارییەکان دژی ڕێژیمی ئێرانە".