کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی بێئاکامی ئیران و سێ وڵاتی ئورووپایی لە ژنێڤ

11:04 - 5 خەرمانان 2725

دوو هەواڵنێری هەواڵدەرییەکانی "ئاکسیۆس" و "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، پاش کۆتاییهاتنی خولی نوێی دانیشتنەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئورووپایی لە ژنێڤ، باسیان لە بێئاکامبوونی وتووێژەکان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی باراک ڕاوید، هەواڵنێری ئاکسیۆس و لارێنس نۆرمەن، هەواڵنێری واڵ ستریت، لە زاری چەند سەرچاوەی ئاگادارەوە، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەم دانیشتنەدا هیچ پێبەندی و بژاردەیەکی ئەوتۆیان ڕادەستی لایەنی بەرامبەر نەکردووە و لە کۆتاییشدا وتووێژەکان بەبێ هیچ بڕیارێکی لێبڕاوانە، بێئاکام ماونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوەکراو لەلایەن هەواڵدەرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە، مەجید تەختێ ڕەوانچی و کازم غەریبئابادی، جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران، لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کردووە و هەڵوێستەکانی تارانیان لەهەمبەر بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە لایەنی بەرامبەر ڕاگەیاندووە.
خولی نوێی دانیشتنەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، ناسراو بە ترۆئیکای ئورووپایی، هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە بەسەرچوونی ماوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت کە لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی هەموو بڕیارنامە و گەماڕۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دژی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ کردەوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکانی نێوان ئەم بڕیارنامەیە، وڵاتانی ئەندام لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە ئەمریکا، تا پێش لە کۆتاییهاتنی ماوەی بڕیارنامەکە، واتا تا ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ی زایینی یان ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی، دەتوانن بەبێ مافی ڤێتۆکردنی هیچ یەک لە ئەندامانی دیکە، مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن.
چالاککردنی مێکانیزمی ماشە بەو مانایە کە هەموو گەمارۆ و سزاکانی پێش ساڵی ١٣٩٤ و هەروەها هەر ٦ بڕیارنامەکەی شۆرای ئەمنییەت پێش بڕیارنامەی ٢٢٣١، دەگەڕێندرێتەوە بۆ سەر ئێران.
لە ئێستادا لایەنی ئورووپایی خوازیاری دوو چارەسەر بۆ کێشە ناوکییەکانی ئێرانە، یەکەمیان گەڕانەوەی تاران بۆ هەموو پێبەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بەرجام بەبێ هیچ مەرجێک، دووهەم، درێژکردنەوەی ماوەی بەسەرچوونی ڕێککەوتننامەی بەرجام بۆ ماوەی ٦ مانگی تر کە تا ئەو کاتە بتوانن ڕێککەوتنێکی دیکە لە نێوانیاندا واژۆ بکەن.
تاران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە ماوەی بەسەرچوونی بڕیارنامەی ٢٢٣١ نۆژەن بکاتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو بڕوایەن کە لە ئێستادا وڵاتانی ئورووپایی بەپێی یاسا ناتوانن لە مێکانیزمی ماشە کەڵک وەربگرن.