
پەیجی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بە زمانی فارسی، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤ پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕەخنەی لە دۆخی قەیراناویی کەرتی کشتوکاڵ لە ئێران گرتووە.
لەو پەیامەدا هاتووە: "خەڵک و جووتیارانی ئێران پێویستیان بە ڕێبەرییەک هەیە کە خۆشگوزەرانی و چارەسەری بەردەوامیان لە ئەولەویەت دابنێت. کەرتی کشتوکاڵی ئێران لە قەیراندایە".
دەیان ساڵ پشتگوێخستن و ناکارامەیی و کەمیی ئاو و پچڕانی کارەبا بووەتە هۆی خراپبوونی بەربڵاوی خۆراک و جووتیارانی بەرەو لێواری لەنێوچوون بردووە. کەموکۆڕییەکانی ڕێژیم وای کردووە کە کشتوکاڵ ببێتە شەڕێکی لەپێشدا دۆڕاو.
ڕۆژێک پێشتریش هەمان لاپەڕە لە پەیامێکی دیکەدا نووسیبووی: ''خەڵکی ئێران شایستەی دەوڵەتێکن کە بە قازانجی ئەوان کار بکات نەک دژی ئەوان. گەشاوەترین مێشک و بلیمەتەکانی ئێران وڵات بەجێ دەهێڵن لەکاتێکدا گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ڕێژیم ئابووریی وڵاتی وێران کردووە.''
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە: "تەنانەت ئەو ستارتاپە پێشەنگانەی کە سەردەمانێک بە بنیاتنانی داهاتوو لە ئێراندا پێبەند بوون، هیچ ڕێگایەک بۆ پێشەوە نابینن. ئەم ڕێژێمە دەبێت پێداویستییەکانی خەڵکەکەی لە ئەولەویەتی کارەکانی خۆی دابنێت نەک ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچەدا پەرە پێ بدات.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە قەیرانە ئابووری و ژینگەییەکانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا توندتر بووە و چەندین جار بووەتە جێی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سەندیکاکان و لە نێویاندا گردبوونەوەی جووتیاران.