کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەککەوتنی پێدانی ڤیزا بۆ خەڵکی ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە

17:02 - 13 گەلاوێژ 2725

دوابەدوای گرژییەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، پرۆسەی پێدانی ڤیزا بۆ خەڵک لە ئێران ڕووبەڕووی کێشەی جیددی بووەتەوە و زۆرێک لە باڵیۆزخانە بیانییەکانیش لە تاران تا ڕادەیەک بە داخراوی ماونەتەوە.

سەرەڕای کردنەوەی سنووردارانەی هێندێک لە باڵیۆزخانەکان، پێدانی ڤیزا هەروا بە دەرنگی و بە شێوەیەکی زۆر کەم ئەنجام دەدرێت.

ئومێد محەممەد عەلیخان ئەندامی ئەنجومەنی نووسینگەکانی خزمەتگوزاریی گەشت و گوزار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئێران ڕایگەیاند کە لەم ماوەیەدا لە نێوان سێ بۆ چوار هەزار پاسپۆرتی ئێرانی لە باڵیۆزخانەکاندا بلۆک کراون و خاوەنەکانیان تەنانەت دەستیان بە بەڵگەنامەی تایبەتی خۆیان نەگەیشتووە.

بەراوردەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس چاوەڕێی وەرگرتنی ڤیزا دەکەن. بە وتەی عەلیخان، بەشێک لە باڵیۆزخانەکان، وەک فەرانسە و سویس، تەنیا خەریکی دۆسییەکانی پێشوون و ڤیزای نوێ دەرناکەن.

زۆرێک لەو داواکارانەی کە پێش دەستپێکردنی شەڕ بەڵگەنامە و داواکارییەکانیان پڕ کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بلیتی گەشت و گرتنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان هەبووە، تا ئێستا نەیانتوانیوە کات لە باڵیۆزخانە وەربگرن.

بە وتەی کارناسان ئەو سنوورداریەتییانە بۆ دەرکردنی ڤیزا بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی دەیانهەوێت پێش بە کەسانێک لە ئێران بگرن کە دەیانهەوێت لە وڵاتانی ڕۆژاوایی هەوڵی خرابکاری و تێرۆریستی لە ڕاستای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدەن.