
بووژانەوەی ئاوی ڕووباری "ئاوشووران"ــی کرماشان کە چەندین ساڵە وەکوو یەکێک لە پڕۆژە یەکەمینەکانی پارێزگای کرماشان لە قەڵەم دراوە، ئێستاش بەدەست کەمتەرخەمی و کەمیی بوودجەوە دەناڵێنێت.
مورتەزا حەسەن ئابادی، سەرپەرەشتی شیرکەتی ئاوی ناوچەیی کرماشان ڕایگەیاند کە جیبەجێکردنی تەواوی گەڵاڵەی بووژاندنەوەی ١٣.٥ کیلۆمیتریی ڕێگەی ئەو ڕووبارە، پێویستی بە ١٣٠٠ میلیارد تمەن پارەیە.
بەپێی یەکێک لە بڵێنییە تایبەتییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، ٣٠٠ میلیارد تمەن بوودجە بۆ ساڵەکانی ١٤٠٤ و ١٤٠٥ تەرخان کراوە بەڵام هەتا ئیستا تەنانەت یەک ڕیاڵ پارەش بۆ ئەو پڕۆژەیە خەرج نەکراوە.
ڕووباری ئاوشووران نە تەنیا بەشێک لە مێژوو و شوناسی شاری کرماشان بە ئەژمار دێت بەڵکوو تەندروستیی هەزاران هاووڵاتیی ئەو پارێزگایەی خستووەتە مەترسییەوە و ئەوەش لەکاتێکدایە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ کەمتەرخەمی، پیشتگوێخستن و بەدواخستن بە بیانووی نەبوونی پارەوە بەرەوڕوویە و ئەوەش بە واتای پەرەسەندنی قەیران و چوونەسەرەوەی تێچووی زیاترە.
هەر جۆرە دواخستنێکی پڕۆژەی بووژانەوەی ڕووباری ئاوشووران، زیانی قەرەبوونەکراوی لەسەر ژیانی خەڵک لەوانەش مەترسییەکانی هەستانی لافاو و پەرەسەندنی کێشە ژینگەییەکان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەو مەترسییانەش، بەهۆی پێنەدانی بوودجەوە ڕاگیراوە.