
سپای پاسداران لە بەلووچستان دەستی کردووە بە وەرگرتنی باج لە کاسبکارانی سەر سنوورەکان و بڕە پارەی یەک میلیۆن تمەن لە هەر ماشینێک بۆ ڕێگەدان بە هاتوچۆ وەردەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی "چالاکوانانی بەلووچ"، سپای پاسداران مەرجی کرانەوەی سنووری "ڕووتەک" لە ناوچەی "خاش"ـی، یەک میلیۆن تمەن بۆ هەر ماشینێکی سووتەمەنیبەر دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم پارەیە بە ناوی "هاوکاری"ـییەوە لە هەر ماشینێک وەردەگیرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچیان ئاگادار کردووەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان، ئەم مەرجە پەسەند کراوە و بەم پێیە سپای پاسداران لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانەوە، باجێکی زۆر لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی بەلووچستان وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە بەلووچەکان، ڕۆژانە هەزاران ماشین لەسەر پێنج سنووری ئەم پارێزگایە هاتوچۆ دەکەن کە ئەگەر هەر یەکەو یەک میلیۆن پارە بدات، داهاتێکی چەند میلیارد تمەنی لە ڕۆژدا بۆ سپای پاسداران بەرهەم دەهێنێت.
دەروازە سنوورییەکانی بەلووچستان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە داخراوە و ڕێگە بە خەڵکی ئاسایی نەدراوە کە بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی سنوورەوە دابین بکەن.
سپای پاسداران مۆڵەتی سووتەمەنیبردنی بە کەسانی نزیک لە خۆی و دەستوپێوەندییەکانی لە بەلووچستان داوە و سنوورەکانیشی بە سەر کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکانی بەلووچستان داخستووە.
خەڵکی ئەم ناوچانە ڕێکەوتی ١٩ گەلاوێژ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاندبوو کە تاکەڕێگە بۆ بژێوی ژیان لەم ناوچەیە گەڵاڵەی "رەزاق"، واتا هاتوچۆکردن لە دەروازە سنوورییەکانەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بووە، بەڵام ماوەی زیاتر لە سێ مانگە داخستنی کتوپڕی سنووری ڕووتەک، ژیانی ئاسایی خەڵکی ناوچەکەی بە تەواوەتی تێک داوە و بەروڕووی قەیرانی ئابووریی کردوونەتەوە.
کارتی ڕەزاق لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوییەوە ڕادەستی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی بەلووچستان کراوە کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە پشکی سووتەمەنی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دیاری کراوە تاکوو بە هەناردەکردنی ئەو سووتەمەنییە بۆ پاکستان و ئەفغانستان بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.
بەڵام لە ئێستادا سپای پاسداران پاش داخستنی زیاتر لە سێ مانگی سنووری ڕووتەک، دەستی کردووەتە باجوەرگرتن لە کاسبکارانی ئەم ناوچەیە کە بە شێوەی یاسایی خەریکی هاتوچۆکردن لە سنوورەکانی بەلووچستاندان.