
ڕەفیق مستەفایی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان پاش زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''خۆڕاگری'' ڕۆژی دووشەممە، ٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕەفیق مستەفایی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری مەریوان پاش ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکردن بەشێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەریوان کە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەریوان لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا و پاشان گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.