کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوونکردنەوە و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی کوردستان

10:25 - 6 خەرمانان 2725

جەماوەری ئەمەگناس، ژینگە‌پارێزان و نیشتمانپەروەرانی هێژا!

هەر وەک ئاگادارن، ساڵگارانێکە ژینگەی نیشتمان بە گشتی کەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری تاڵانچییان و داگیرکەرانێک کە بەلێشاو و بەربڵاوی، دارستان و لێڕەوار و سامانی سروشتی و نەتەوەییمان بە شێوازگەلی قێزەوەن وەک: ئاگرتێبەردان و بنبڕکردنی دارستانەکان، بە دەرهێنانیان بۆ باخ و خەڵووزکردن و بڕین و تاڵانی دارە بەتەمەنە بەنرخەکان کە شوناس و بوون و مێژوی نەتەوەیەکیان لەخۆ گرتووە، بووە بە تراژێدیای تاڵی ئەم سەردەمە تاریکە.

زنجیرە ئاگرەکانی زیاتر لە دوو دەیەی دارستان و لێڕەوارەکان، بڕست و هێزی لە ژیان چنیوە و لە گرفت و کێشە و قەیرانەوە بەرەو کارەسات و ماڵ وێرانییەکی یەکجاری ئەڕوات.

ئەم دۆخە مەترسیدار و ڕووخێنەرە، دەرئەنجامی یاسای لاواز و پلان و داڕشتنی ناشارەزا و دوور لەهەر جۆرە پێوەرە زانستی و سەردەمییەکانە و هەروەها لە بەرژەوەندیی تاقمێکی هەلپەرەست و کاربەدەستانی نابەرپرسدا بووە.

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی و کورتە ئامارێک لەسەر ئاگرتێبەردان و قەڵاچۆی دارستانەکان، لە ساڵی ١٤٠٤دا ؛

ئێمە وەک ڕێکخراوە ژینگە پارێزییەکانی پارێزگاکانی

ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام جەخت و پێداگری لەسەر ئەم خاڵانە دەکەینەوە.

١ـ دیاردەی ئاگرنانەوە بەهەر هۆکارێک دەستکردە و پێویستە لایەنی دەسەڵات، لەهەمبەر ئەم قەیرانە خۆی بە بەرپرس بزانێت و وڵامدەر بێت.

٢ـ ئێمە وەک ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان یاساکانی پەیوەندیدار بە ژینگە، بە ناتەواو و ناکارا دەزانین و پێداچوونەوە و گۆڕینی ئەو یاسایانە بە شێوەی سەردەمییانە بەئەرکی سەرەکیی دەسەڵات ئەزانین.

٣ـ ئەو فەرمانگە پەیوەندیدارانەی کە ئەرک و فرمانیان بە سەقەتی بەڕێوە ئەبەن، ئەبێت بە ڕوونی و ئاشکرا لەلایەن دەزگای دادەوە لێپرسینەوەیان لێ ‌بکرێت و سزا بدرێن.

٤ـ دادستانەکان وەک سەرەکیترین بەرپرسی لێکۆڵینەوە، بەئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و تاوانبارانی ئاگرەکان بەسزای شیاو بگەیەنن و ڕوونکردنەوە بۆ ڕای گشتیی بدەن.

٥ـ بەپێی بڕوامان بە پەروەردەی سەردەمییانە و کارامە ڕوو لە بەشی فەرمیی پەروەردە ئەکەین و ئەڵێین؛ هیچ هەنگاوێکی شیاوتان بۆ پەروەردەی ژینگەیی هەڵ نەگرتووە. ئەرکە لەسەر دامودەزگا پەروەردەییەکان کارئاسانی بۆ پەیوەندیی نێوان قوتابییان و ژینگەپارێزان، لە پۆلی وانەی قوتابخانەکان‌دا بکەن.

٦ـ داوامان لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینییە وەک هەمیشە، بە ئەرکی ئایینی و ئەخلاقی خۆیان هەستن و ڕای بگەیەنن؛ ژینگەی نیشتمانەکەمان مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە،

عەرەب وتەنی: (حب الوطنی من الایمان)

بەدرێژایی مێژووی کوردستان، هەڵمەتی بوێرانە و هەڵوێستی شەرافەتمەندانەی حوجرە و مامۆستایانی ئایینی، تەواوکەری چالاکییە ژینگەیی و خەڵکییەکان بووە و ئاگادارکردنەوەی خەڵکی لە بواری ئایینییەوە، بۆ باشتر کەڵکوەرگرتن و پاراستنی کانیاو و دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان، ئەتوانێت باشترین خزمەت بێت بۆ ئایین و کۆمەڵگە و نیشتمانە پیرۆزەکەمان.

٧ـ لەبەر ئەوەی ژیانی گوندنشینان و ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕاستەوخۆ بەستراوە بە شاخ و کانیاو و دارستانەکانی ئەم وڵاتە ڕەنگینەوە، ئەرکی سەرەکیی خزمەت و پاراستنی ئەوانەیش ئەکەوێتە ئەستۆی کەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، بەتایبەت لە دێهاتەکاندا، هەر بۆیە داواکارین لە کۆمەڵگەی بە ئەزمون و شارەزای گەلەکەمان؛ بەرەنگاری پیلانی گڵاوی کاولکاران و تاڵانچیانی نیشتمانەکەمان ببنەوە.

٨ـ داوامان لە ژینگەپارێزان و کەسانی خاوەن هەڵوێستە بەرانبەر بە ژینگە؛ تکایە بە بێ ڕاهێنان و پەروەردەی زانستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران، ڕێگە بە کەسانی ناشارەزا و ئەندامانتان مەدەن بچنە سەر ئاگر.

با هەوڵ و تێکوشانەکانمان بۆ پاراستنی ژینگە بخەینە ئەستۆی بەشی پەروەردە و ڕاهێنانی کۆمەڵگە.

ژینگە هەرچەند پارێزاو بێت و لەسەر جێگەی خۆی بێت، بە بێ خەڵک و خاوەنی ڕاستەقینەی خاک، قازانجی چییە؟ خاکی چۆڵی پارێزراو و نەپارێزراو کەڵکی چییە؟

لە کۆتاییدا هۆشداری به لایەنی دەسەڵات ئەدەین،

ئەگەر به ئەرکه یاساییه‌کانی خۆی هه‌ڵنەستێت و درێژه بەم بێده‌نگی و ڕەوتی قاتوقڕکردنە واتاداره لەمەڕ کاولکارییەکان بدات، بێگومان کاردانەوەی جه‌ماوەری لێ دەکەوێتەوە.

 

ڕێکخراوە ژینگەییەکانی پارێزگاکانی

ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام