کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەیشولعەدل کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامەکانی پشتراست کردەوە

10:52 - 6 خەرمانان 2725

ڕێکخراوی جەیشولعەدل لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەک لە ئەندامەکانی لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون.

ئەو ڕێکخراوە بەبێ ئەوەی ژمارەی وردی کوژراون باس بکات ڕایگەیاندووە کە چەند چەکدارێکیان لەکاتی خۆڕاگریدا کوژراون، ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

لەلایەکی دیکەوە قەرارگای قودسی سپای پاسداران ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان ڕایگەیاند کە لە سێ ئۆپراسیۆنی هاوکاتدا لە شارەکانی ئێرانشار، خاش و سەراوان بە گشتی ١٣ چەکداری سەر بە جەیشولعەدل کوژراون.

بە وتەی بەرپرسانی سپای پاسداران، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوکاریی وەزارەتی ئیتلاعات ئەنجام دراوە و ژمارەیەکی دیکەش دەسبەسەر کراون.

هەروەها فەرماندەیی ئینتزامی ڕێژیمی ئێران بەجیا هەواڵی کوژرانی هەشت ئەندامی جەیشولعەدلی لە شەڕ و پێکدادانەکانی شاری ئێرانشاردا بڵاو کردەوە.

فەرماندەیی ئینتزامی ڕێژیم ئیدعای کردووە کە ئەو کەسانەی کوژراون  لە هێرشەکەی حەفتەی ڕابردوو بۆ سەر گەشتەکانی پۆلیس دەستیان هەبووە، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج هێزی پۆلیس.

هەروەها کاربەدەستانی ئێران ڕایانگەیاند کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکێک لە هێزەکانیان کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.