کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییە سیاسییەکانی لوبنان لە دژی نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا سکاڵایان تۆمار کرد

11:08 - 6 خەرمانان 2725

درێژەی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و هەڕەشەکانی نەعیم قاسم سکرتێری ئەو گرووپە لەبارەی بەربڵاوکردن و پەرەپێدانی شەڕی نێوخۆیی لە لوبنان، دژکردەوەی توندی کەسایەتییە سیاسییەکانی لوبنانی بەدواوە بووە و لەدژی بەرپرسی یەکەمی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە کۆماری ئیسلامی سکاڵایان تۆمار کردووە.

هەندێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی لوبنان لەوانەش نوێنەرانی پارلەمان و ڕێبەرانی ڕەوتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لە دادستانیی گشتیی بەیرووتدا بەهۆی پێداگریی نەعیم قاسم و هەموو ئەو کەسانەی هاودەست، هاندەر و پشتیوانی بوون بە تاوانی بەردەوامبوون، هەوڵدان و پەرەپێدانی شەڕ، فیتنە، بشێوی و پێشێلکردنی بڕیارە یاسایییەکان سکاڵایان تۆمار کردووە.

جۆرج عەقیس نوێنەری پێشووی پارلەمانی لوبنان لە لێدوانێکیدا لەبەر بینای کۆشکی دادگوستەریی ئەو وڵاتە جەختی لەوە کردەوە: "گەڕانەوە بۆ دەزگای دادوەری تەنیا ڕێگەی پارێزگاری لە بڕیارەکانی دەوڵەتە" و هیوای خواست کە "دادپەروەری ڕێگەی خۆی بپێوێت و دادوەری گەرەنتیی ئازادییەکان و ئاشتیی نێوخۆیی وڵاتە".

هەر لەو پێوەندییەدا ئەشرەف ڕەیفی نوێنەری پێشووی پارلەمان بەنیسبەت پشتیوانییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو گرووپە تێرۆریستییە باسی لەوە کردووە کە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ هاتووە.

ئەو قسانەی کەسایەتییە سیاسییەکانی لوبنان بۆ لێدوانەکانی نەعیم قاسم دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتی لەگەڵ گەڵاڵەی چەکدانان و هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەوە فیتنەیە و دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی.

شایانی باسە کابینەی دەوڵەتی لوبنان بە سەرۆکایەتیی نەواف سەلام ئەرتەشی لوبنانی ڕاسپاردووە کە گەڵاڵایەک داڕێژێت، بنووسێتەوە و جێبەجێی بکات کە تێیدا چەک تەنیا لە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بمێنێتەوە و ئەوەش بووە هۆی تووڕەبوونی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان.