کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی چیتر هێزی خۆی ڕێک بخاتەوە

17:07 - 13 گەلاوێژ 2725

کاناڵی ئەلحەدەس بە پشتبەستن بە زانیاریی چەند بەرپرسێکی ئامریکایی بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا بۆ هەوڵدان دژی ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی تاران تەنیا یەک ساڵ مۆڵەتی دیاری کردووە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی هێرشی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی پووشپەڕ لەنێو چووە.

ترامپ هەروەها لەبارەی دووبارە دەستپێکردنەوە و چالاککردنەوەی بەرنامەی ناوکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداریی دا.

هەر لەو پێوەندییەدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فایینشال تایمز" وتی: "دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی جیددییان بەرکەوتووە و بەو ئاسانییە ناتوانین بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستان و وا نیشان بدەین کە هەموو شت ئاساییە".

هەر لەو پێوەندییەدا لە ڕۆژی ٧ی گەلاوێژ، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی تاران لە لێدوانی خۆی بەبۆنەی چلەی کوژراوانی شەڕی ١٢ ڕۆژە لە زاری خەڵکی ئێرانەوە وتی: "خەڵکی ئێران دەست لە دین و زانستی خۆیان هەڵناگرن".

لەو ڕاپۆرتەی ئەلحەدەسدا هاتووە کە ئەمریکا لەپێناو وەدیهاتنی ئامانجی خۆی بەنیسبەت بەرنامەی ناوکیی ئێران، لە ئیستادا خەریکە لەگەڵ چین دانوستان دەکات هەتا لە کڕینی نەوتی ئێران خۆی ببوێرێت.

هەروەها وڵاتی چین لە دژکردەوە بەو گوشارانەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ئەگەری وەدەستهێنانی نەوت بە نرخێکی کەمتر، ئامادەیە هاوردەکردنی نەوتی ئێران ڕابگرێت.