کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی سڕینەوەی ئاسەواری چالاکییە ئەتۆمییەکان

11:11 - 6 خەرمانان 2725

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی، کۆماری ئیسلامی پاش هێرشەکانی ئیسرائیل، لە هەوڵی سڕینەوەی ئاسەواری چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی لە سایتی "لەویزان"ـی تاران بووە.
ئەم دامەزراوە بە پشتبەستن بە وێنە ماهوارەییەکانی کۆمپانیی "مەکسار"، لە ڕێکەوتەکانی ٣ی پووشپەڕ و ٢٨ی گەلاوێژ، ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەپەلە لە هەوڵی لەنێوبردنی بینا ڕووخاوەکانی ئەم سایتەیە کە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ئیسرائیل دوو جار هێرشی ئاسمانیی کردە سەری.
ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هەوڵەی تاران بۆ سڕینەوەی ئاسەواری چالاکییەکانی پێوەندیدار بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە.
دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، پێشتر پێوەندیی ڕاستەوخۆی سایتی لەویزانی لەگەڵ گەڵاڵەی "ئاماد"، پشتڕاست کردبووەوە، بەڵام هیچ کاتێک لەلایەن تارانەوە ڕێگەی پێ نەدرا کە سەردانی ئەم سایتە بکات.
گەڵاڵەی ئاماد بەرنامەیەکی نهێنیی تاران لە چوارچێوەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بوو کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیدا لەگەڵ دامەزراوەی "سێپەند" تێکەڵ بوو.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا دوو جار سایتی لەویزانی کردبووە ئامانج.
دامەزراوەی زانست و ئەمنییەت هەوڵەکانی تاران بۆ لەنێوبردنی یەکجاری و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەم سایتەی بە نیشانەیەک بۆ نەهێشتنی هیچ بەڵگە و ئاسەوارێک لە قەڵەم داوە.
ئەم ڕاپۆرتە لە کۆتاییدا گەیشتووەتە ئەو ئاکامەی کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەم هەوڵانە، بەربەست سازکردن بۆ دۆزینەوەی هەر چەشنە چالاکییەکی پێوەندیدار بە بەرنامەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە.