کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی پرتووکاویی قوتابخانەکان لە ورمێ؛ نیوەی قوتابخانەکان پێویستیان بە ڕووخاندن و نۆژەنکردنەوەیە

12:23 - 6 خەرمانان 2725

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی پەروەردەیی لە ورمێ گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان لەو پارێزگایە، نزیکەی ٥٠ لەسەدی قوتابخانەکان پێویستیان بە پتەوکردن یان ڕووخاندن و نۆژەنکردنەوە هەیە، ئامارێک کە بە ڕوونی لاوازیی سیاسەتی پەروەردەیی و پشتگوێخستنی ڕێژیم بۆ ژێرخانە بنەڕەتییەکان دەر دەخات.

لە ئێستادا ٢٢٠ پۆل و ٢٧٠ قوتابخانەی کانێکسی هێشتا شوێنی خوێندنی قوتابییانی ئەم پارێزگایەیە؛ دۆخێک کە نەک تەنیا ستانداردە پەروەردەییەکان بەڵکوو کەمترین ئیمەنی و تەندروستی منداڵان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسان پێویستی بەپەلەی ٨ هەزار پۆلی نوێ بۆ گەیشتن بە سەرانەی گشتی ڕادەگەیەنن، بەڵام تەنیا بەشێکی کەم لەو پڕۆژانە جێبەجێ کراون.

سەرەڕای بەڵێنەکان، تا ئێستا تەنیا ٧٠٠ میلیارد ڕیاڵ بوودجەیان دابین کردووە، لەکاتێکدا دوو میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن ڕیاڵ بوودجە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکان پێویستە. پشتبەستن بە بەخشینەکانی خێرخوازان لەبری تەرخانکردنی بوودجەیەکی بەردەوام، ئەوە نیشان دەدات کە بۆ داڕێژەرانی سیاسەت پەروەردە لە پێشینەی کارەکان نییە.

ئەم ئامارانە وێنەیەکی ڕوون لە داهاتوویەکی نادیار بۆ هەزاران قوتابیی ورمێ نیشان دەدەن، داهاتوویەک کە لە پۆلە کانێکیسیەکان و قوتابخانە وێرانەکاندا شکڵ دەگرێت، کە ئیمەنی و چۆنییەتی و دادپەروەری پەروەردەیی ساڵانێکە پەراوێز خراون.