کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کارەبا و خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێران

15:57 - 6 خەرمانان 2725

بەردەوامبوون و چڕبوونەوەی قەیرانی نەبوونی وزە، بەتایبەتی نەبوونی کارەبا لە ئێران، بووەتە هۆی کێشە و گرفتی ڕۆژانە بۆ خەڵک و تێکدانی بەرنامەکانی ژیان.
هەواڵدەریی ئیسنا ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر پچڕانی کارەبا لە کرماشان و باسی لە کێشە و گرفتەکانی خەڵک بەهۆی بڕینی کارەباوە کردووە.
لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بە درێژبوونەوەی کاتی بڕینی کارەبا و هەروەها نەبوونی کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەم باباتە، هاتووە: "کاتژمێرەکانی بڕینی کارەبا لە کرماشان زیاتر بووە و هەوروەها نەبوونی کاتێکی دیاریکراو بۆ بڕینی کارەبا کێشەکانی خەڵکی لەم پێوەندییەدا زیاتر کردووە و بەرنامەکان بۆ گەیشتن بە کاروباری ڕۆژانەی ژیانیانی تێک داوە".
ئیسنا ئاماژەیەکی بە بەشێک لەم کێشانە بۆ کار و کاسبییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەم کێشانە لەکاتێکدایە کە بەڕیوەبەری شیرکەتی کارەبای کرماشان ڕێکەوتی٤ی گەلاوێژ باسی لە کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی بڕێنی کارەبا لە ٤ کاتژمێرەوە بۆ ٢ کاتژمێر کردبوو.
قەیرانی نەبوونی وزە تەنیا تایبەت بە کرماشان نییە و لەم ڕۆژانەدا هەموو پارێزگا و شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە.
بەڕێوەبەریی سەقەت و تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بۆ نۆژەنکردنەوە و گەشەی وزەخانەکان و هەروەها بەرهەمهێنانی زۆرینەی کارەبا لە ڕێگەی وزەخانە گازییەکان بەبێ هیچ جێگرەوەیەک، سەرەکیترین هۆکارەکانی نەبوونی کارەبا لە ئێرانە.
بە بڕوای کارناسانی پسپۆڕ، بەم پێیە ناهاوسەنگییەکان لە داهاتوودا چڕتر و قەیرانی نەبوونی کارەبا لە جیاتی چارەسەربوون قووڵتریش دەبێتەوە، چونکە هیچ هەوڵێکی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە نادرێت و تەنیا بە بڕینی کارەبا و کەمکردنەوەی ناهاوسەنگییەکان، سەرپۆشێک دەخرێتە سەر بابەتەکە.