
بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییان دا کە لە ئەگەری سەرگرتنی هەوڵی سێ وڵاتی ئورووپایی بۆ چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە، هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕادەگرین.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی دەنگوڕەنگی ڕێژیم ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەو هەوڵانەی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا سەر بگرێت و مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن، ئەو ڕێگای هاوکارییەی ئێستا لەگەڵ ئاژانس هەمانە شوێندانەریی هەیە و ڕایدەگرین".
هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە زاری چەند دیپلۆماتێکی ڕۆژاواییەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە کە ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە هەتا ڕۆژی پێنجشەممە ڕەوتی چالاککردنی مێکانیزمی ماشە دەست پێ دەکەن و ڕێژیمی تاران دەرفەتی هەیە لە ٣٠ ڕۆژدا سەبارەت بە بەڵێنییەکانی خۆی لەمەڕ بەرنامەی ناوکی دەروەست بمێنێتەوە.
هەروەها "ئاکسیۆس" بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانیشتنی ژنێڤ نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی لەو دانوستانەدا هیچ بابەتێکی سەرنجڕاکێش و وردی نەخستووەتە سەر مێزی دانوستان و بەو شێوەیە ڕێگەی بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە خۆش کردووە".
دیپلۆماتکارێکی ئورووپایی لە شیکردنەوەی بڕیاری چالاککردنی مێکانیزمی ماشە وتوویەتی: "ڕێبەرانی ترۆئیکای ئورووپا لەسەر ئەو باوەڕەن ڕێژیمی ئێران چەندین ساڵە بە شێوەی ئاشکرا بەڵینییەکانی خۆیان بەنیسبەت ڕێککەوتننامەی ناوکیی ٢٠١٥وە پێشێل کردووە".
لە دژکردەوەدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە: "لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆمان چین و ڕووسیە لە هەوڵداین هەتا ڕێگریی لە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین".