کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئاڵمان: بەرنامەی مووشەکیی ئێران ئورووپا دەخاتە مەترسییەوە

17:09 - 13 گەلاوێژ 2725

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بە ئاماژەدان بە بەرفراوانبوونی بێ کۆنتڕۆڵی بەرنامەی مووشەکی دوورمەودای کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداری دا کە ئەم بەرنامەیە ئێستا نەک هەر هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکوو مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەتی ئورووپایە.

یوهان وادەفول، داوای کرد کە پرسی ڕێگری پرسی مووشەکیی تاران، لە ناوەندی هەر دانوستانێکی نوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بێت.

ناوبراو هەروەها لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دانی بە لاوازیی ئەوپەڕی پێکهاتەی حوکمڕانیی ڕێژیمی ئێراندا نا و ئاسۆی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی بە ناڕوون و لەرزۆک وەسف کرد.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ئەم وتووێژانە هێشتا نەچوونەتە قۆناغی دانوستانی جیددی و جەوهەری، بەڵکوو زیاتر لەسەر ئەوەیە کە ئایا دەکرێت بچێتە ناو پرۆسەیەکی دانوستانی ڕاستەقینە لەگەڵ تاران یان نا.

سێ وڵاتی ئورووپایی لایەنی بەرجام ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ڕێژیمی ئێران پێبەند نەبێ بە بەڵێنەکانی، ئامادەن مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن کە بە واتای گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامییە.

بەو حاڵە وادەفول ڕوونی کردەوە کە کاناڵە دیپلۆماسییەکان بە کراوەیی دەمێننەوە و ئەگەر ئاماژەکانی هاوکاری لە ئێرانەوە ببینرێن، هێشتا دەتوانرێت وادەکان درێژ بکرێنەوە.

وەزیری دەروەی ئاڵمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی:''بە تەواوەتی ڕوونە کە هیچکات نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. تاران دەبێ دەستبەجێ هەموو چالاکییەکانی پیتاندن و تێکنۆلۆژیی پیتاندن کە هیچ پاساوێکی مەدەنییان نییە، ڕابگرێت".