
دیمانە: عەلی بداغی
ئاماژە: کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ پێنجەمین پلینۆمی خۆی بەڕێوە برد. تازەترین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب ڕۆژی بیست و پێنجەمی گەلاوێژ، هەشتایەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. "کورد کاناڵ" بۆ باس لەسەر باسە گرینگەکانی پلینۆم و هەروەها لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستای ئێران و کوردستان، وتووێژێکی لەگەڵ کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە کە "کوردستان" پوختەی ئەو وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.
عەلی بداغی: کاک مستەفای بەڕێز، ئەمە یەکەم وتووێژی جەنابتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە دوای کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانەوە. حەوتووی ڕابردووش سێهەمین ساڵڕۆژی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و وەسەریەکەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات بوو. بفەرموون کە یەکگرتنەوەی حیزب و تازەترین کۆنگرەی حیزب سەرچاوەی چ گۆڕانکارییەک و چ ئاڵوگۆڕێک لە ژیانی سیاسی و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا بووە؟
مستەفا هیجری: ئەمن پێم وایە ئەو گۆڕانکارییەی لە پەیوەندی لەگەڵ یەکگرتنەوە لە دوای پازدە-شازدە ساڵ لێکجیابوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا پێک هات، بۆ خۆی گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ نەک هەر لە مێژووی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەشدا بوو. ئەو دوو لایەنەی حیزبی دێموکرات دوای هەموو ئەزموونەکان لە بێئاکامیی دابڕانەکان گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە ڕێگای سەرکەوتن و خزمەتکردن بە نیشتمان لە بوونی جیاوازی و جۆراوجۆرییەکان و قبووڵکردنی جیاوازییەکان دەست پێ دەکات و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی خاڵە هاوبەشەکان لە نێو جیاوازییەکاندا دەتوانێت ڕێپیشاندەر بێت. ئەوە نەک هەر لەنێو خۆماندا، بەڵکوو شێوەی هەڵکردن و هەڵسوکەوتمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی غەیری حیزبییش کە هەر کامەی بیروبۆچوونێکی جیاوازیان هەیە، ئەو لێکنزیکبوونەوە و پێکەوە کارکردن لە جیاتی ململانێ و ناکۆکیی ناسالم ڕێچکەیەکی بۆ ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەوانیش کردۆتەوە. حیزبی دێموکرات لەو پەیوەندییەدا هەوڵی داوە کە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێرانیدا هیچ جۆرە ناکۆکییەک و گرژییەک نەمێنێت و تەنانەت ئێستا ئێمە خەریکی پێکهێنانی هاوکارییەک لە نێوان حیزبە سیاسییە کوردییەکانداین و لە نێو حیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا هەر بەو مێتۆدە کار دەکەین.
گۆڕانکارییەکی دیکەی کۆنگرە لە پرسی نوێبوونەوە لە سیاسەتکردن، لە مامەڵەکردن و لێکدانەوەکانمان بە نیسبەت ڕابردوودا دەبینم کە دەبێ چاوخشاندنەوەیەکی زۆر جیددی پێدا بکەین، چونکە سەردەمەکە ئاڵوگۆڕی یەکجار زۆری بەسەردا هاتوە. خەڵکەکەمان ئاگایی و تێگەیشتنیان زۆر لە ئاستێکی سەرەوەیە، بۆیە حیزبی دێموکراتیش دەبێ پتر نوێ بێتەوە و هەروەها ئەوەش کە دەبێ لە ڕووی پرۆژە و بەرنامەوە کار بکەین و ئەوانە چەند خاڵێک لەو خاڵە گرنگانە بوون کە لە کۆنگرەوە تاکوو دەگاتە ئەو پلینۆمەی کە ئیشارەتان پێ کرد، هەموو پێداگرییان لەسەر کراوە و کراونەتە بەرنامەی کار.
پێوەندیدار بە تازەترین پلینۆمی حیزب، وەک لە ڕاپۆرتی ڕاگەیەندراوی پلینۆمەکەدا هاتبوو کە لەم پلینۆمەدا باسێکی سیاسیی دەوڵەمەند لە لایەن جەنابتانەوە پێشکەش کراوە. شیکردنەوەکان ئەوەن کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە ڕووخاوە. کارتەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە هاوکێشە جیهانییەکاندا یاریی پێ دەکردن، ئەو کارتانەی بەشی زۆری لەدەست داون. جەنابتان بڕێک بەرفراوانتر چۆن دەڕواننە دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران؟
تێکشکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی هەر تەنیا لە بارەی ئایدۆلۆژیکەوە نەبوو، بەڵکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەکانی سەربازی، ئیتلاعاتی، ئەمنیەتی و بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتدا بە تەواوی تێکڕووخاوە. گرینگتر لە هەموو ئەوانە خەڵکیش پشتیوانیی لێ ناکات. بە گوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە دامەزراوەی "گمان" کردوویەتی سەتا حەفتای خەڵک لە ئێراندا لەو ڕێژەیە ناڕازین و دەیانەوێ ئەم حکومەتە بگۆڕن، تازە ئەوە ڕاپرسیی ساڵێک لەوە پێشە و ئێستا بە دڵنیاییەوە ئەو ئامارە زۆر زۆر زیادی کردوە. واتە ئەم دۆخەی ئێستا داڕووخانی سیستەمێکی فکریی چەقبەستووی کۆنە کە دەیویست شێوەی ئیدارەدانی وڵات بۆ هەزار و چوار سەد ساڵ لەوە پێش بگەڕێنێتەوە و بۆخۆی ببێتە ئیمپراتۆرییەتێکی ئیسلامی و وەلی فەقیهـ وەک خەلیفەیەک ببێتە ڕێبەری موسڵمانانی دنیا. بەڵام ئێستا دەبینین کە ئەو خەون و خەیاڵانە هەمووی بە با چوون. هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم کە بەشی زۆری سامان و سەروەتی خەڵکی ئێرانی تێدا خەرج کرا و ئەو حکوومەتانەی وەک سووریە کە بەهۆی یارمەتییە هەمەلایەنەکانی کۆماری ئیسلامییەوە مابوون، ئەوانە ئەوانە هەموویان تێکڕووخاون و هەروەک باسم کرد لە نێوخۆی وڵاتیشدا شەرعییەت و لایەنگریی نەماوە و ڕێژیم لە دنیادا و لە ناوچەکەدا بەتەنیا ماوەتەوە. بۆیە لام وایە کە خێرایی پرۆسەی بەرەو نەمان و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر بووە.
بەڵام ئێمە پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینین. جەنابتان پێتان وایە کە کۆماری ئیسلامی خۆی دەگرێتەوە یان بەڕاستی ئێستا کاتی دەستبەردان و تەسلیمبوونی گەیوەتێ؟
بە چی خۆی دەگرێتەوە؟ ئەوەی کە هەیبوو لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا هەمووی داناوە و نەک هەر ئەو سامان و سەروەتەی وڵات هەیبوو، بەڵکوو لەوانەیە داهات و ئیمکاناتی پەنجا ساڵی داهاتووشیان بۆ ئەو مەبەستانە دانابێت. لە نێوخۆی وڵاتدا ڕێژیم پێگەیەکی نەماوە و ئەسڵەن و ئۆسوولەن عەقڵییەتی ئەوە لە ڕێژیمدا بەدی ناکرێ کە بیهەوێ و بشتوانێ بە ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانیدا خۆی بگرێتەوە. زۆر لە حکوومەتە نۆڕماڵەکان بوێریی ئەوەیان هەیە ئەگەر لە پرۆژەیەکدا شکست دەخۆن، ددان بە شکستەکەیاندا دەنێن و بە دوای دۆزینەوەی چارەسەر و کەموکوڕییەکاندا دەگەڕێن. بەڵام ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی خۆ پێی وا نیە هەڵەی کردبێت. کۆماری ئیسلامی دوای ئەو شکستە قورسەی لە شەڕەی دوازدە ڕۆژەدا ئێستاش پێی وایە شەڕەکەی بردووەتەوە و ئیسرائیل و ئەمریکای تەمبێ کردوە. حکومەتێک بەو عەقڵییەتە بە خۆیدا نایەتەوە و بێجگە لەوە دەرفەت و ئیمکانیشی بۆ ڕێژیم لە بەردەستدا نیە.
بەڕێزتان لە باسە سیاسییەکانی پلینۆمدا باستان لە کۆمەڵێک ئەگەر و سیناریۆ بۆ داهاتووی کۆماری ئیسلامی لە دڵی قەیرانەکانی ئێستادا کردبوو. ئەگەر بە کورتییش بێت چۆن لەو سیناریۆیانە دەڕوانن و لێکدانەوەتان بۆی چیە؟
ئەگەرەکان زۆرن و بە وردی پێشبینی ناکرێت کە چی ڕوو دەدات، بەڵام ئەو ئەگەرانەی کە لە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا بە گرنگ زانران، سێ ئەگەر بوون: یەکەم ئەوەی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا بچێتەوە سەر مێزی وتووێژ و وتووێژی ئەم جارەش هەموومان دەزانین بە مانای ئەوەیە تەسلیمبوونی موتڵەقی ئێرانە، چونکە وەک باسمان کرد هیچ کارتێکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەماوە. لە حاڵەتێکی وادا و لە ئەگەری ئەو ڕێککەوتنەدا ڕێژیم حکومەتێک دەبێت کە تێکشکاوە، هەموو هەڕەشەی فەرماندە و سیاسییەکانی ڕێژێم لە وڵاتانی دی هەمووی مایەپووچ دەرچوون، کە دەیگوت بۆیە لە سووریە شەڕ دەکەین هەتا شەڕ نەیەتە نێو وڵاتەکەمان، ئێستا نەک شەڕ هاتووەتە نێو وڵات، بەڵکوو ئاسمانەکەشی لەژێر کۆنتڕۆڵی دوژمنەکەیدایە. واتە دەبێتە حکومەتێکی زەلیل کە هێندەی دیکە خەڵک لێی دوور دەکەوێتەوە. لە حاڵەتێکی وادا پێشبینی دەکرێ کە دووبەرەکی یان چەندبەرەکییش لەنێو هەرەمی دەسەڵاتدا دروست بێت کە هەر ئێستاش نیشانەکانی دەبینین. چونکە لەو حکومەتانەدا بەرپرسێک نیە کە بەرپرسیارێتیی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە قبووڵ بکات و هەر ئەوە دەیخاتە سەر شانی ئەوی تر و ئەوە دەیخاتە سەر شانی ئەوی تر. ئەوەش بۆ خۆی سەرچاوەی دووبەرەکییەکی توندە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەگرێت. ئەوە یەک لە سیناریۆکانە و دیارە هەر لە درێژەی ئەو سیناریۆیەدا بێتوو ڕێژیم مل بۆ وتووێژ و خۆبەدەستەوەدان نەدا، هەڕەشەی شەڕێکی دیکەی لەسەرە و پێشبینی دەکرێ لەو شەڕەدا کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکاندا زەربەی زیاتر بخوات. دیارە ئەو شەڕەش هەر بۆ ئەوەیە کۆماری ئیسلامی بێننە سەر مێزی وتووێژ کە ڕەنگە بەشێک لە هۆکارەکەی ئەوە بێ کە تاکوو ئێستاش جێگرەوەیەکی قابیلی قبووڵ نە بۆ خەڵکی ئێران و نە بۆ وڵاتانی بڕیاربەدەست بۆ گۆڕینی کۆماری ئیسلامی لە ئارادا نیە و ئەمریکاش بەتایبەتی نایەوێت لەو حاڵەتەدا کە هێشتا شەڕی ئۆکراین تەواو نەبووە و، لە غەززە هێشتا ئاشتییەک جێگیر نەبووە، نایهەوێ بەرەیەکی دیکەی شەڕ و نائارامی لەو ناوچەیەدا بکرێتەوە. ئەوە بە مانای ئەوە نیە کە ڕێژیم بە ڕێککەوتن لە وتووێژەکاندا خۆی دەگرێتەوە. هەر بەو هۆکارانەیە کە پێشتر ئاماژەم پێدا لە حاڵەتێکی وادا چاوەڕوانی و مافخوازیی خەڵکەکەش لە نێوخۆ زیاتر دەچێتە سەرێ. ئەوە یەکێک لە سیناریۆکانە کە ئەنجامەکەی دەگاتە ڕووخانی ڕێژیم. لێکدانەوەکەی ئێمە ئاوا بوو کە لەو ماوەیەدا کە ڕێککەوتن دەکرێت، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی بڕیاربەدەست لە فکری ئەوەدا دەبن جێگرەوەیەک بۆ ئەو ڕێژیمەش پێک بێت، چونکە تاکوو ئێستا کۆماری ئیسلامی کارێکی وای نەکردوە هیچ متمانەیەکی پێ بکرێت.
سیناریۆی دووەم ڕوودانی شەڕێکی دیکە و نەمانی خامنەیی چ لە شەڕدا یان بە هەر هۆکارێکی دیکەیە. لە حاڵەتێکی وادا کێشە و ململانێیەکی یەکجار زۆر لە نێوخۆی وڵاتدا و لە نێو حکومەتدا پێک دێت و ئەنجامی ئەوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری حکوومەت و ئەوەش بۆ خۆی دووبارە پرۆسەیەکە کە ڕێژیم بەرەو ڕووخان و نەمان دەبات.
دوایین ئەگەریش کە باسمان کرد ئەوە بوو کۆماری ئیسلامی لەبەر هەرەج و مەرەج و لەبەر ئەوەی نەفووز و کۆنتڕۆڵی بەسەر وڵاتدا نامێنێ، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەزگای سەرکوتی و ڕێژیم لە بەشێک لە وڵات بڕێک دەستیان کورت بێتەوە. لەو حاڵەتەدا بەشێک لە وڵاتی ئێران بەتایبەت ناوچەکانی نەتەوە غەیرە فارسەکان و یەک لەوان کوردستان، لەو ناوچانەدا ئیمکانی کار و چالاکی زیاتر دەبێت و ئێمە بۆ هەر کام لەو ئەگەرانە ئامادەیی خۆمان هەیە.
بەڵام خەڵکی کوردستان نیگەرانن و دەڵێن لەو بارودۆخەدا و لە دڵی ئەو هەموو ئەگەرانەدا حیزبی دێموکرات بە تەمای چیە؟
لە هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەدا ئەوەی کە زۆر زەروورییە، ئەوەیە ئێمە وەک خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکگرتوو بین و شان بە شانی یەکتر بچینە پێشێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ لایەنگری چ حیزبێکە و چ جۆرە ئینتیمایەکی هەیە. هاوکای حەول دەدەین لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکاندا بەرنامەیەکی هاوبەشمان هەم بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، هەم بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و هەم بۆ ئیدارەدانی کوردستان لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەبێت.
بەڵام ئەم ڕەخنەیە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە کوردیشەوە هەر هەیە کۆماری ئیسلامی لە دوای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازیی زیاتر ڕۆیشتووە، بەڵام ئێمە جموجۆڵ یان بڵێم بووژانەوەیەکی ئەوتوومان لە ئۆپۆزیسیۆن لە دژی کۆماری ئیسلامیدا نەدیوە. بەڕاستی کاک مستەفا هۆکارەکان چین؟
زۆر هۆکاری هەیە کاک عەلی، بەڵام گرینگترینی ئەوەیە کە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ڕاستیدا ماوەیەکی زۆرە لە وڵات دوورن و لە ویست و خواستی نەوەکانی کە دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دایک بوون دوورن. ئەوان زۆرتر لەو ئایدۆلۆژی و بەرنامانەدا چەقیون کە پێشتر بوویانە و ئێستا سەردەمیان بەسەر چووە. لە لایەکی دیکەوە بۆ خۆتان دەزانن هێزی سەرکوت لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ڕۆژی یەکەمەوە تاکوو ئێستا بە توندی بەسەر خەڵکدا زاڵ بووە و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک فیداکاریی زۆریان کردوە. خەڵک ڕۆژانە ئیعدام دەکرێن، زیندانی دەکرێن، بێحورمەتییان پێ دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو باج و تێچووە و لەژێر ئەو زەبر و زەنگەدا خەڵک نەیتوانیوە وەک حیزب و ڕێکخراو خۆی و خەباتەکەی بەڕێکخستن بکات. دیارە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاواز و چەند قات باشترە لە بەشەکانی دیکەی ئێران، چونکە لە کوردستان ئەزموونی کاری تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی لە مێژساڵەوە هەیە و هەر حیزبێکیش بە گوێرەی کار و تێکۆشانی خۆی تێکۆشاوە خەڵکانێک بەڕێکخراو بکات، بەڵام تەنیا بە کوردستان کارەکە جێبەجێ نابێت. ئەوانە بەشێک لەو هۆیانەن کە تاکوو ئێستا بەداخەوە یەکگرتوویی لە نێوان حیزبەکاندا و لە ئەنجامدا جێگرەوەیەک پێک نەهاتووە.
کاک مستەفا، لە ماوەی ڕابردوودا ئێمە کۆمەڵێک جموجۆڵمان بینی. میتینگی پاشایەتیخوازەکان لە میونخ، میتینگی موجاهیدین لە ئیتالیا و لە نێوخۆی وڵاتیشدا ڕیفۆرمخوازە حکومەتییەکان کە باسی ڕێفراندۆمیان وەک ڕێگا چارەی تێپەڕین لە قەیرانەکان پێشنیار کردوە. من ناڵێم وەڵامی ڕاستەوخۆی کورد یان وەڵامی ڕاستەوخۆی حیزبی دێموکرات بەو ئەجێندایانە، بەڵام دەپرسم وێژمانی حیزبی دێموکرات، ڕوانگەی حیزبی دێموکرات، ستراتیژیی حیزبی دێموکرات بۆ داهاتووی ئێران چیە؟
با لە بەشی ئاخری پرسیارەکەتەوە دەست پێ بکەم کە مەسەلەی ڕێفراندۆمە. ڕێفراندۆم ئەوەی کە مووسەوی لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندوە یەکەم جار نیە باس دەکرێ، چەند ساڵ لەوە پێش ڕەزا پەهلەوی و هەندێک گروپی دیکەش ئەو مەسەلەیان خستووەتە ڕوو، بەڵام بە بۆچوونی من باسی ڕێفراندۆم لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە بێجگە لە عەقڵییەتی خۆی کەسی دیکەی قبووڵ نیە، ئاسنی ساردکوتانە. چۆن دەکرێت ئەم ڕێژیمە ئیجازە بدات ڕێفراندۆم بکرێت بۆ ڕووخاندنی، ئەویش حکومەتێک کە ئەسڵەن ویست و ئیرادەی خەڵکی بۆ گرینگ نیە. هەموومان لەبیرمانە لە سەردەمێکدا کە ئەحمەدینەژاد بە فێڵ بەسەر مووسەویدا سەرکەوت، خەڵک کە خۆپێشاندانی کرد و داوای مافەکانی خۆی کرد، خەڵکی بە "خەس و خاشاک" ناو دەبرد، خامنەیی هەر چەند مانگێک لەمەوبەر لە بارەی مەسەلەی ڕێفراندۆمدا باسی ئەوەی دەکرد کە بۆ مەگەر ئەو خەڵکە دەتوانن تەشخیس بدەن کە حکوومەت دەبێت چۆن بێت؟ واتە ئەوان هیچ نرخێک بۆ خەڵک دانانێن. کاتێک باسی خەڵک دەکەن، خەڵکیان تەنیا بۆ کوشتن و بۆ شەرعیدان بە حکوومەتەکەی خۆیان دەوێ. بۆیە قسەکردن لە ڕێفراندۆم لەو هەلومەرجەدا و لە چوارچێوەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا "خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن" و هەوڵێکە بۆ بەلارێدابردنی فکری خەڵک لە ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
پێوەندیدار بە میتینگی موجاهیدین و پاشایەتیخوازەکان، دیارە هەموو حیزبێک مافی خۆیەتی کۆبوونەوە بکات و چالاکیی خۆی هەبێ، بەڵام لەسەر پاشایەتیخوازەکان و قوورساییان لە ڕێکخستنی خەڵک قسە زۆرە. هەمووان دەزانن کاتێک لە بزووتنەوەی ژینادا حیزبەکانی کوردستان داوایان کرد خەڵک لە کوردستاندا ڕاپەڕێ، خەڵک ڕاپەڕی و ئەو ڕاپەڕینە سەرتاسەری ئێرانیشی گرتەوە و تەنانەت سنوورەکانی ئەو وڵاتەشی بڕی. بەڵام تاکوو ئێستا ڕەزا پەهلەوی چەندین جار داوای لە خەڵک کردوە بێنە سەر شەقام و یەک جاریش خەڵک بە دەم ئەو داوایە نەهاتوە و تەنانەت دووکانێکیش لەسەر داوای ئەو دانەخراوە. بۆیە لەو باوەڕەدام خەڵکی ئێران لەوە تێپەڕیوە کە بێت لە نێوان دوو ئەزموونی شکستخواردووی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا دیسان یەکیان هەڵبژێرێتەوە. چونکی ناچار نیە و زۆر سیستەمی دێموکراتیک و سیستەمی پێشکەوتووی دیکە هەیە کە لە دنیادا ئەزموون کراوە و خەڵک دەتوانن هەڵیبژێرن. بۆیە من پێم وا نیە شانسێک بۆ سەرکەوتنی پاشایەتیخوازان هەبێ و ئەوەی خەڵکی ئێران دەیانهەوێ هاتنەسەرکاری ڕێژێمێکی دێموکراتیکی سێکولارە. خەڵکی ئێران ماهییەتی حکوومەتی دیکتاتۆریی ئایینی و پاشایەتییان دیوە و بەدوای دێموکراسی و ئازادی و دەستەبەربوونی مافەکانیاندا دەگەڕێن.
کاک مستەفا وەک ئاکامگیرییەک لەو باسە، پێتان وایە لە دڵی ئەم قەیرانانەی وا ئێستا ئێران بەرەوڕوویەتی، داهاتووی ململانێ و خەباتی خەڵک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چۆن دەبێت؟
من لەوەدا هیچ گومانێکم نیە کە خەڵک سەرکەوتوو دەبێت. ئەوەی کە تاکوو ئێستا ڕێژیم دەرحەق بە خەڵک کردوویەتی و لە داهاتووشدا دەیکا و بە نیشانەی ئیقتدار و دەسەڵاتی خۆی دەزانێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە نیشانەی ئەوپەڕی ترسی کۆماری ئیسلامییە لە خەڵک. ڕێژیمێک کە بەهێز بێت، ڕێژیمێک کە پشتی بە خەڵکەکەی خۆی بەستبێت و لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا وەک سیستەمێکی نۆرماڵ قبووڵ کرابێت، پێویستیی بە سەرکوتی خەڵکەکەی نیە و نایە لەسەر شەقام بیانکوژێ یان بیانگرێ و لە زینداندا ئەشکەنجەیان بکات. ئەوە پیشەی حکوومەتە لاوازەکانە هەمیشە لە ڕووخان و هەمیشە لە خەڵکەکەی خۆیان دەترسێن و، ناحەقیشیان نیە چونکە خەڵک لە دژیانە، بۆیە هەر پەنا بۆ سەرکوت و زەبروزەنگ دەبەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کام ڕێژیمی سەرکوتگەر و دیکتاتۆڕ هەر بە زەبری هێز توانیویەتی خۆی ڕابگرێ؟ ئەمن پێم وایە ڕاستە خەڵکی ئێرانیش چەندی لەژێر زەبروزەنگدا بن، چەندی برسییان بکەن، بێحورمەتییان پێ بکەن و لە مافەکانیان بێبەشیان بکەن؛ بەڵام ئەو خەڵکە ئاگاتر دەبنەوە و باشتر بۆ وەدەستهێنانی ئەو مافانە خەبات دەکەن. بۆیە داهاتووی ئەو بەربەرەکانییە لە نێوخۆی وڵات لە نێوان خەڵک و ڕێژیمدا بە سەرکەوتنی خەڵک کۆتایی دێت و لەوەشدا هیچ گومانێکم نیە
وەک دواپرسیار و پێداگرتنەوە لەسەر هەندێک لە بۆچوونەکانتان و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات، ئەگەر قسەیەکتان لەسەر سیاسەتەکانی حیزب و پەیامی خۆتان ڕوو بە خەڵکی کوردستان و ڕوو بە حیزبە سیاسییەکان مابێت، بفەرموون.
پەیامم بۆ خەڵکی کورد، بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە، و خەڵکانێکیش کە ڕەنگبێ لایەنگری هیچ حیزبێک بەن ئەوەیە کە هەموو ئەو خەڵکە بۆ ئێمەی حیزبی دێموکرات جێگای شانازین. پێم وایە ئەوان لە خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان لە هیچ شتێک درێغیان نەکردوە، و هیچ لەو سەرکوت و زەبروزەنگانە نەترساون و خۆڕاگر بوون. قەت ئەو قسە و شێعر و لاواندنەوەی دایک و باوک و برا و کەسوکاری ئەو شەهیدانەی لەسەر گۆڕی شەهیدان، بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینادا دەماندی لەبیر ناچن. ئەوانە ورەیان داوە بە ئێمە و ئەو یەکگرتووییەش بە تایبەتی گەورەترین هێزی ئێمەیە. داوام ئەوەیە ئێمە دەبێ ئەو یەکگرتووییە بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی حیزبەکەمان و بەتایبەت سەرووتر لە حیزبەکەشمان، بزووتنەوەی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەهێزتر ببێت. ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەمان لە کۆنگرەدا باس کردووە و لە پلینۆمیشدا پێداگریمان لەسەر کردۆتەوە. کاک عەلی ئێمە حیزبی دێموکرات تەنیا بە حیزبی ئەندام و لایەنگران نازانین، بە بۆچوونی من حیزبی دێموکرات، بیر و هزرە لە مێشک و دڵی خەڵکدا و ئەو هزرە بریتییە لە پێویستیی بەرەنگاربوونەوە دژی ستەم و داگیرکەری و بێبەشبوون لە مافەکانیان. جا ئەو بیر و ئەندێشەیە لە مێشکی هەر کەسێکدا بێت، من وەک حیزبی دێموکراتیان دەبینم و ئێمە لە لایەن خۆمانەوە مەیدان ئاوەڵاتر دەکەینەوە و زیاتر هەوڵ دەدەین هەموومان پێکەوە بە جیاوازیی بیروبۆچوونەکانمان، کوردستان و ئێران زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە بکەینە مەیدانی خەباتێکی مەدەنی و ململانێیەکی بەردەوام و جێگای پەسەندی دنیای ئەمڕۆ دژی حکومەتی چەقبەستوو و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی کە هەموو وڵاتی ئێرانی بە کوردستانیشەوە وێران کردوە. ئێمە هەموومان پێکەوە دەبینە هێز. دەبێ ئەو ڕێگایە بگرین و کۆماری ئیسلامییش بۆیە چاوی لەسەر کوردستانە و بە کەمترین جووڵەی کوردستان ناڕەحەتە، چونکە ئەوان باش دەزانن ئەو یەکگرتووییە چەندە بەهێز و بەتوانایە و چۆن دەتوانێ ئاگر لە دەزگای هەرەمی قودرەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەر بدات. بێگومان سەرکەوتن هی ئێمەیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێستا لە پەلەقاژەکانی سەرمەرگدایە. لەو بارەیەوە پێم خۆشە دڵنیایی بە هەموو خەڵک بدەم.