
بەپێی دوایین ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی شنەی نەوژینی کوردستان و نوسینگەی هاواهەنگیی چالاکانی ژینگەیی و کۆمەڵگەی مەدەنیی سنە، دۆخی تەندروستیی موستەفا هوژەبری و موحسین حوسێنپەناهی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ، لە ئاکامی ئاگرکوژانەوەی شاخی ئاویەری سنە بریندار ببوون، دۆخی تەندروستییان بەرەو جێگیربوون دەچێ.
بە گوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە، ئەو دوو ژینگەپارێزە لە ئێستادا لە بەشی بی ئای سی یووی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە خەوێندراون.
ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی کێوی ئاویەر کە یەکێک لە گرینگترین سەیرانگاکان و سامانە سروشتییەکانی شاری سنەیە ئاگری گرت و ڕووبەرێکی بەرفروانی ئەو سەیرانگایەی گرتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوو، کێوی ئاویەر بە بەردەوامی ئاگر دراوە و هەموو جارێک ڕووبەرێکی بەرفراوان لەم کێوە لە ئاگردا سووتاوە، بەڵام بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نادەن و ئەوە خەڵکن کە بە شێوەی خۆبەخشانە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.
حەمید مورادی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە و بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "شنەی نەوژینی کوردستان"، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە چیای ئاویەر بە سەختی بریندار ببوو، ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ بە هۆی سەختیی برینەکانی لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە شەهید بوو.
هەروەها بە هۆی ئاگرگرتنی کێوی ئاویەر لە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ، چەند کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز بە سەختی بریندار بوون و بەداخەوە بە هۆی سەختیی برینەکانیانەوە دوو ژینگەپارێزی دیکە بە ناوەکانی خەبات ئەمینی و چیاکۆ یووسفی نژاد لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی گەلاوێژدا شەهید بوون.
خەڵکی ژینگەدۆستی کوردستان بە بەشدارییەکی بەرفراوان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم سێ ژینگەپارێزەدا، ڕێزیان لە فیداکاریی ئەوان گرت و بە دروشمی شەهید نامرێ، تەرمەکانیان ئەسپەردەی خاکی کوردستان کردن.