
ڕەوتی گرانبوون و هەڵاوسانی شتومەکە سەرەکی و گرینگەکان لە ئێران بەردەوامە و بە تەواوەتی کاریگەریی لەسەر سفرەی خەڵک داناوە.
یەکێک لەو شتومەکە پێویستانەی خەڵک کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخەکەی بۆ جارێکی دیکە بەرزتر بووەتەوە، شیرەمەنییەکانە کە یەکێک لە گرینگترین خۆراکەکانی خەڵکە.
شۆرای دیاریکردنی نرخ و سیاسەتی پشتیوانی لە بەرهەمە سەرەکییەکانی دەوڵەت، لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕدا نرخی هەر کیلۆ شیری خاوی لە بەردەم ئاژەڵدارییەکان، لە ١٨ هەزار بۆ ٢٣ هەزار تمەن بەرزتر کردەوە.
سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوەیە لە نرخی شیردا، ئەحمەد موقەدەسی، سەرۆکی ئەنجومەنی "سەندیکای گاوداران"ـی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ٢٥ تا ٢٦ هەزار تمەن نرخێکی دادپەروەرانە بۆ ئاژەڵداران بووە، بەڵام ئەم نرخە لەلایەن دەوڵەتەوە دیاری کراوە.
لەلایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکی ئاژەڵ، کرێکار، گواستنەوە، ماڵیات و بیمە، نرخی تەواوبووی هەر کیلۆ شیری خاوی بۆ ئاژەڵداران بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.
موجتەبا عالی، بەڕێوەبەری یەکیەتیی هاوبەشگەی وەرزێڕیی ئاژەڵدارانی ئێران، ڕایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی ئەم نرخە لە ئیستادا بەهۆی گرانبوونی پێداویستییەکانی ئاژەڵداران، لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبووە.
عالی، نرخی ٢٣ هەزار تمەنی وەک سەرکوتی ئەم کاڵا پێویستە هێناوەتە ئەژمار و جەختی کردووەتەوە ئەگەر نرخی شیری خاو لانیکەم ٣٥ لەسەد بەرز نەبێتەوە، بەرهەمهێنانی ئەم کاڵایە بەرەوڕووی کێشە دەبێتەوە.
گرانیی نرخی شیر نە تەنیا چاوەڕوانییەکانی ئاژەڵدارانی دابین نەکردووە بەڵکوو بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرچاوی ئەم کاڵا سەرەکی و گرینگە لە سەوەتەی خۆراکی خەڵکدا.
گرینگیی شیرەمەنییەکان لە تەندروستیی کۆمەڵگە هۆکارێکە کە ساڵانە میلیاردها تۆن شیر لە سەرتاسەری جیهاندا بەرهەم بێت.
ئامارەکان دەریدەخەن کە سەقامگیربوونی نرخی ئەم کاڵا گرینگە لە هەموو جیهاندا بە شێوەیەکە کە خەڵک بتوانن بە ئاسانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بکڕن و بەکاری بێنن، بەڵام لە ئێراندا بەهۆی هەڵاوسان و گرانی ئەم کاڵایە، ڕۆژ بە ڕۆژ سفرەکانی خەڵک بەتاڵتر لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەبێت.
کەمبوونەوەی بەکارهێنانی شیرەمەنی دەبێتە هۆی هەژاریی خۆراکی حەشیمەتی لاو کە لە درێژخایەندا دەتوانێت نەخۆشییەکانی وەک ئێسکەنەرمە و کەمیی کەلسیۆم زیاد بکات و ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی تەندروستیی گشتیی کۆمەلگا.