کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی ئیدارەکان و ناوەندە پەروەردەییەکان بە هۆی ناکارامەیی ڕێژیم

16:00 - 14 گەلاوێژ 2725

دوابەدوای بەردەوامیی شەپۆلی بێوێنەی گەرما و زۆربوونەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا، پارێزگایی تاران و چەن پارێزگای دیکە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی بۆ ئیدارە دەوڵەتییەکان، زانکۆکان و ناوەندە پەروەردەییەکان وەک پشوو ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، جگە لە تاران، پارێزگاکانی ورمێ، ئیلام، ئەلبورز، قوم، کرمان، یەزد، سێمنان، ئێسفەهان، گیلان، مازەندەران، گوڵستان، تەورێز، ئەردەبیڵ، هورموزگان و خووزستانیش دەستیان بە داخستنی ئیدارەکان و کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن کردووە.

ئەم پشوویە ناوەندە یارمەتیدەر و دەرمانییەکان ناگرێتەوە و لە هەندێ ناوچەدا، فێرکارییەکان بە بێ بەشداریی ڕاستەوخۆیە و ئیدارەکانیش بە شێوەی شیفتی چالاکییەکانیان درێژە پێ دەدەن.

کەمتەرخەمیی ڕێژیم بە هۆشدارییەکانی کارناسان سەبارەت بە گۆڕانکارییە هەرێمییەکان، قەیرانی سەرچاوە ئاوییەکان، پرتووکاویی تۆڕی کارەبا و نەبوونی پلان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گەرمبوونی جیهانی، ئێرانی لە بەرەوڕوونەوە لەگەڵ قەیرانە سروشتییەکان، تووشی کێشە کردووە.

لەکاتێکدا کە زۆربەی وڵاتان لە دەیەکانی ڕابردوودا بە سەرمایەدانان لە وزەی پاک و پتەوکردنی تۆڕەکانی کارەبا، خۆیان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم جۆرە قەیرانانە ئامادە کردووە، ڕێژیمی ئیسلامی بە میلیاردها دۆلاری بۆ سەرکوتی نێوخۆیی، بەرنامەی مووشەکی، سیاسەتی ناوچەیی و پرۆژەی پڕ تێچووی ناوکیی خەرج کردووە.