کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکییەکانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە هەشتاهەمین حەفتەدا

16:04 - 14 گەلاوێژ 2725

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە هەشتاهەمین حەفتەی چالاکیی مانگرتن کە خواردنی خۆیاندا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە: "بەرخۆدان بۆ ژیان و دادپەروەری لە مەشرووتەوە هەتا قزڵحەسار بەردەوامە".

ئەمڕۆ سێشمەممە ١٤ گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا نووسیویانە "لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری ئاکارە توندئاژۆ سەدە نێوەڕاستییەکانی خۆی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سزای لەسێدارەدان و پەڕاندنی دەستەوە هەیمەنەی لەدەستچووی خۆی بگەڕێنێتەوە، بەندکراوانی ٤٨ بەندیخانەی ئێران لەمەڕ ناڕەزەیەتیدەربڕین بە سزای لەسێدارەدان، مانیان لە خواردن گرتووە".

نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە بە ئاماژەدان بە ڕەوتی لەسێدارەدانەکان نووسیویانە: "لە حەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم ٣٠ بەندکراوی لەوانەش دوو ژن لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون".

بەپێی ئەو بەیاننامە، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوو سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ، قامکیان بڕاوە و لەو پێوەندییەدا لێبوردنی نێونەتەوەیی ئەو سزایەی وەکوو بەشێک لە "چەرخی ماشینی ئەشکەنجە"ی کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم داوە و ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مای ساتۆ، ئەو ئاکارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە "نامرۆڤانە و پڕ لە سووکایەتی" ناو لێ بردووە.

لەو بەیاننامەیەدا باس لە لەسێدارەدانی ٥ هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە مانگی ڕابردوودا کراوە و لەو بارەوە نووسراوە: "لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییانە، نەک هەر نیشانەی توندوتیژیی بەرنامەدارێژراو دژی ناڕازییانی نێوخۆی ئێرانە بەڵکوو کۆچبەرانی بیانیشی گرتووەتەوە".

بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیە بە چارەنووسی ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان تەرخان کراوە و هاتووە کە لە هەتا ئێستا سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها ئەندامانی ئەو کەمپەینە لە کۆتایی بەیاننامەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ کە هاوکاتە لەگەڵ ١١٩هەمین ساڵوەگەری شۆڕشی مەشرووتە نووسراوە کە "ئەو ڕووداوە مێژووییە جارێکی دیکە بەرخۆدان و خەباتی دێرینەی خەڵکی ئێران بۆ دادپەروەری و ئازادیمان وەبیر دێنێتەوە".