کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاینەنشاڵ تایمز: کۆمەڵێک لە شارەزایانی ناوکی کۆماری ئیسلامی بە نهێنی سەردانی ڕووسیەیان کردووە

17:15 - 14 گەلاوێژ 2725

بڵاڤۆکی ''فاینەنشاڵ تایمز''ی بریتانیا بڵاوی کردەوە، هەیئەتێکی ئێرانی سەردانی دامەزراوە زانستییەکانی ڕووسییەیان کردووە، کە تێکنۆلۆژی و پێکهاتەی دوو مەبەستی بەرهەم دەهێنن کە دەتوانرێت لە توێژینەوەکانی چەکی ئەتۆمیشدا بەکار بهێنرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم بڵاوکراوەیە لە ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، ئەم سەفەرە لە ٤ی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوو بە فڕۆکەی ماهان ئەیر ئەنجام دراوە.

عەلی کەلوەند، تەمەن ٤٣ ساڵ، لە بەڕێوەبەرانی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ چوار کارمەندی دیکە لەژێر پەردەی شیرکەتی ڕاوێژکاری "دەماوەند تەک" لە نێو سەرنشینەکاندا بوون.

فاینەنشاڵ تایمز زیادی کرد یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتەکە، کاراکتەری بەرنامەی ناوکیی ئێران بووە کە بە وتەی بەرپرسانی ڕۆژاوا لە ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی بەرگری ''سەپەند'' کار دەکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوایین ئەندامی ئەو هەیئەتە، مەئموورێکی دژە سیخوڕیی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بووە.

لێکۆڵینەوەکەی فاینەنشاڵ تایمز بەپێی نامە و بەڵگەنامە موسافەرتییەکان و پێشینەی شیرکەتەکانی ئێرانی و ڕووسی و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژاوا و شارەزایانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی بووە.

سەردانەکەی هەیئەتی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووسیە لە کاتێکدا بوو کە دەوڵەتەکانی ڕۆژاوایی لە چالاکییە ناوکییە گوماناوییەکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە هەوڵەکانی دەستەبەرکردنی تێکنۆلۆژییەکانی پەیوەندیدار بە وزەی ناوکی نیگەران بوون.

لە مانگی مەیدا ئەمریکا گەمارۆی نوێی بەسەر شیرکەتی سێپەنددا سەپاند و هۆشداریی دا کە کە ئەو ڕێکخراوە "کار لەسەر لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی دوو مەبەستە بۆ چەکی ئەتۆمی و سیستمی کاربەڕێکەرەکانی دەکات."

دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا پێیان وایە کۆماری ئیسلامی بەرنامەی نهێنیی چەکی ئەتۆمی هەبووە، بەڵام پێش ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ناوکییەکان لە ئێران، واشنگتۆن پێی وابوو تاران ئەو بەرنامەیەی دەست پێ نەکردووەتەوە.

فاینەنشاڵ تایمز زیادی کرد ئەرکی هەیئەتی ڕێژیمی ئێران لە ڕووسیە خۆی لە خۆیدا بەڵگەنامەیەک نییە کە هەڵسەنگاندنەکانی ڕۆژاوا بۆ بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بگۆڕێت، بەڵکوو: "ئەمە نموونەی ئەو چالاکییانەیە کە نیگەرانییەکانی نێو دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوای لێ کەوتووەتەوە".