
ماڵپەڕی هەواڵدەریی "واشینگتۆن فری بیکێن" بڵاوی کردووەتەوە کە هاوکارییەکانی هەواڵدەریی بەناوبانگی "ڕۆیتێرز"، لەگەڵ "دەنگوڕەنگی" کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی یاسای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوە ئەمریکاییە کۆمپانیی "تامسۆن ڕۆیتێرز"، خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە هەواڵی بە پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، ڕادەستی ئەم ڕێکخراوەیە کردووە.
دامەزراوەی توێژینەوەی "ئێن سی ئاڕ ئای" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە ٣ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار خزمەتگوزارییەکانی هەواڵی بە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی فرۆشتووە.
دامەزراوەی "ئێن سی ئاڕ ئای"، لە بواری توێژینەوە لەسەر بەربڵاوبوونی مەترسییە ئیدۆلۆژیکەکان لە "فەزای مەجازی"ـدا چالاکی دەکات.
بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەم دامەزراوە، کۆمپانیی تامسۆن ڕۆیتێرز لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٣ی زایینی ئەم خزمەتگوازارییانەی کە بریتی بوون لە دەق، ڤیدیۆ و نێوەڕۆکی هەواڵ بۆ بڵاوبوونەوە لە پلاتفۆڕمەکانی وەک "پرێس تیڤی"، ڕادەستی دەنگوڕەنگی ڕێژیم کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی واشینگتۆن فری بیکێندا هاتووە کە بەپێی بەڵگەنامەکان، بەڕێوەبەرانی باڵای کۆمپانیی ڕۆیتێرز ئاگاداری سزاکانی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش درێژەیان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ تاران داوە و پارەیان لێ وەرگرتوون.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆیتێرز بۆ وەرگرتنی پارەی خۆی بە شێوەی نهێنی، لە نێوبژیوانێک کەڵکی وەرگرتووە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێیان ناسێندراوە.
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی ڕۆیتێرز سەرەڕای هەبوونی بەڵگەنامەکان لە وتووێژێک لەگەڵ فری بیکێن ڕایگەیاندووە کە ئەم کۆمپانییە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕاپۆرتی هەموو خزمەتگوزارییەکانی خۆی ڕادەستی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا کردووە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ڕۆیتێرز لەگەڵ دەنگوڕەنگی ڕێژیم هاوکارییان هەبووە.
دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران وەک سەرەکیترین دامەزراوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئیدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی، پڕوپاگاندا بە دژی ڕۆژئاوا و بڵاوکردنەوە دانپێدانانی زۆرەملێ بە پێچەوانەی یاسا مافی مرۆڤییەکان، لەلایەن ئەمریکا و ئورووپاوە سزا دراوە.