کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار بەندکراوی سیاسیی بەلووچ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا

17:17 - 14 گەلاوێژ 2725

چوار هاووڵاتیی بەڵووچ کە دوو کەسیان لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بوون و دوو کەسی دیکەش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی جەیشولعەدل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕێکەوتی ۲۶ی جۆزەردانی ١٤٠٤، محەممەد دەروێش نارۆیی تەمەن ۲۲ ساڵ و یاسین کەبدانی تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی زاهێدان لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بە تۆمەتی «موحاربە و افساد فی الارض» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها بێنیامین کووهکەن کە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا ۱۶ ساڵی تەمەن بووە لە هەمان دادگادا، دادگایی کراوە و دەستبەجێ لە بەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵانی زاهێدان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

ناوبراو تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری خۆیدا نەبووە و زانیارییەک لەسەر ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێندراوە لەبەر دەستدا نییە.

محەممەد دەروێش نارۆیی، یاسین کێبدانی و بێنیامین کووهکەن لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانیاندا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا داندرابوون و لە مافە سەرەکییەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.

ئەو سێ گەنجەی خەڵکی شاری زاهێدان لە ڕێکەوتی ۱۶ی بەفرانباری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کران و پاش لێپرسینەوە بە بەکارھێنانی گوشار و ئەشکەنجەی سەختەوە، بۆ بەندیخانە گواسترانەوە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە کە دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی بەلووچ بە ناوەکانی فەرهاد بارانزێهی تەمەن نزیکەی ٢٤ ساڵ و عومران ئاغاڵ تەمەن ٢٢ ساڵ حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەو دوو کەسە بە ''ئەندامبوون لە ڕێکخراوی جەیشولعەدل و چالاکیی چەکداری'' تۆمەتبار کراون. هەردووکیان بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە دراون. ئەو کەسانە خەڵکی ڕاسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانن و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی زاهێدان ڕاگیراون.