
ڕۆژنامەی "شەرق" لە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا، باسی لە بارودۆخی نیگەرانکەری خۆراک لە ئێران کردووە و نووسیویەتی: داتای نوێیەکان ئاماژە بە تەشەنەسەندنی بەدخۆراکیی بەربڵاو و قووڵ و پێکهاتەیی لەنێو ملیۆنان کەس لە ئێران و بەتایبەت منداڵاندا دەکەن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەژاریی خۆراک چیتر هۆشداری نییە، بەڵکوو "برینی برسێتی"یە کە لەسەر ڕووخساری نەوەی داهاتووی نیشتووە.
بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە بە بەشداریی توێژەرانی کۆمەڵایەتیی ڕاهێنراو لە ١٤ ناوچەی ئێران بەڕێوە چووە، تەنیا ١.٧ لەسەدی بنەماڵەکان ڕۆژانە پرۆتۆئین بەکار دەهێنن، لە کاتێکدا ٢٦.٩ لەسەد بە کردەوە هیچ پرۆتۆئینێک بەکار ناهێنن.
لەنێو ئەو خێزانانەی کە سەرپەرەستی ماڵ بێکارە یان کارێکی کاتیی هەیە، لەسەدا ٩٣ بۆ ٩٥ کەمیی پرۆتۆئینیان هەیە.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە تەنها ٢ لەسەدی منداڵان ڕۆژانە بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەکار دەهێنن و نیوەیان بەهیچ شێوەیەک بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەکار ناهێنن. تەنانەت لەو خێزانانەی کە سەرپەرەستی ماڵ کارێکی جێگیری هەیە، هیچ منداڵێک نەدۆزراوەتەوە کە ڕۆژانە بەرهەمە شیرەمەنییەکان بخوات.
کارناسان دەڵێن ئەم کەمخواردنی شیرەمەنییە دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی گەشەکردن و ئێسک و مێشک لە نەوەکانی داهاتوودا. هەروەها پزیشکەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە زۆرێک لە منداڵانی ناوچە هەژارەکان بەدەست ئازاری درێژخایەنی گەدە و لاوازیی جەستەیی و کەمیی بەرچاوی ئاسن و ویتامینەکانەوە دەناڵێنن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد، ئیلام، هورموزگان، بووشێهر، خووزستان، کرمان، و خوراسانی باشوور خراپترین دۆخی بەدخۆراکییان هەیە.
لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتدا ڕۆژنامەی شەرق هۆشداری داوە کە ئەو نەوەیەی کە بڕیارە هێزی بەرهەمهێنەری داهاتووی وڵات بێت، لە ئێستادا بەدەست برسێتی و بەدخۆراکییەوە دەناڵێنێت.