
ئەحمەدڕەزا لاهیجانزادە، جێگری تاڵاوەکانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندووە کە ئاوی گۆلی ورمێ لە ئێستادا گەیشتووتە خوارترین ئاست و لەمە زیاتر چیدیکە ژمارەیەکی دیکەی بۆ ناخوێندرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نێوخۆی ڕێژیم، لاهیجانزادە لە وڵامی هەواڵنێراندا وتوویەتی: "بەپێی دوایین ئامار لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژدا، هاوسەنگیی گۆلی ورمێ ١٢٦٩.٧٤، پانتاییەکەی ٥٨١ کیلۆمیتر و بارستایی ئاوەکەی نیو میلیارد میتری سێجایە"، زیادیشی کردووە کە ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ١١ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو بارستایی ئاوی گۆلەگە ٢ میلیارد میتری سێجا بووە.
ناوبراو پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ئیستادا ئاو لە گۆلی ورمێ لە نزمترین ئاستدایە و پێشبینی دەکرێت کە بەهۆی گەرمیی کەشوهەواوە ڕێژەی هەڵمکردن بچێتە سەرەوە و تا کۆتایی هاوین بە تەواوەتی وشک بێت.
وشکبوونی ئاوی گۆلی ورمێ جگە لە خەسارە ژینگەییەکی کۆمەڵێکی دیکە خەسار و قەیران، لەوانە نەخۆشی، گەردەلوولی خوێ و تەپوتۆز، لەنێوچوونی کەسابەتەکانی پێوەندیدار بە گۆلەکەوە و هەروەها پەنابەریی بەدواوە دەبێت.
کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە کە بەبێ هیچ پلانێکی توکمە و بوودجەی پێویست، ڕێگەی بۆ وشکبوونی گۆلی ورمێ خۆش کردووە.