
ماڵپەڕ، ڕۆژنامە و هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باسیان لە بەڕێوەچوونی قۆناغی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ڕێژیم و ئەمریکا کە لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیم ڕاگیرابوو، کردووە.
ماڵپەڕی "تابناک" و ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی ڕێژیمەوە نووسیویانە کە ئەگەری دووبارە دەسپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە.
ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە تیمی ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتیی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە دانوستانەکان داوای لە لایەنی ئێرانی کردووە کە بە مەبەستی بە ئاکامگەیشتنی خێرا، دانوستانەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەڕێوە بچێت.
هەروەها ئیسماعیل بەقایی لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "لە ئەگەری دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، بابەتی وەرگرتنی قەرەبوو بەهۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەخەینە بەرباس".
پێشترعەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بە دوور نازانرێت لە چەند ڕۆژ یان حەفتەی داهاتوودا دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێ بکاتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران سەرەتا دەبێت دڵنیا بێت لەوەی کە ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشێکی نیزامیی دیکە ئەنجام نادات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕلە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری کەناڵی ''سی بی ئێس'' وتبووی: ''هەرچەندە ئێمە دانوستان ناکەین، بەڵام ڕێگای وتووێژ و دیپلۆماسی داناخرێت و هەرگیز دەرگاکانی دیپلۆماسی بەڕووماندا داناخرێن".
هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا وەزیرانی دەروەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندبوو کە پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دەکەن و هاوکات داوای دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنیکی تەواو سەبارەت بە پرسی ناوکیی ئێرانیان کردبوو.