
هەواڵدەریی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە مانگی ڕابردووی زایینیدا، چین هاوردەکردنی نەوتی قاچاخی ئێرانی بۆ نێو وڵاتەکەی کەم کردووەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە بەشێک لەم کەمبوونەوەی هاوردەکردنە لە مانگی جوولایدا بەهۆی دابەزینی داواکارییەکان لەلایەن پاڵاوگە تایبەتەکانی چینەوە بووە.
داتاکانی ماڵپەڕی "کێپلێر"، کە لە بواری زانیارییەکانی وزەدا چالاکی دەکات دەری خستووە، چین لە مانگی جوولای نزیک بە یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی هاوردە کردووە کە بە بەراورد لەگەڵ مانگێک پێشووتری، واتا مانگی ژوئەنی زایینی نزیک بە ٣٠ لەسەد کەمترە.
داتاکانی کۆمپانیی "ڤۆرتێکسا" نیشانی ئەدات کە لە مانگی ژوئەندا ڕۆژانە یەک میلیارد و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێران هەناردەی چین کراوە کە بەرزترین ڕێژەیە لە سێ مانگی ڕابردوودا بووە.
پاڵاوگە تایبەتەکانی چین کە بە "تیپات"ـەکان دەناسرێن، گەورەترین کڕیارانی نەوتی نایاسایی کۆماری ئیسلامین کە لە ڕێگەی قاچاخەوە هەناردەی وڵاتی چین دەکرێت.
لێکۆڵەرێکی نەوتی خاو لە کۆمپانیی کێپلێر سەبارەت بە دابەزینی ئەم ڕێژەیە ڕایگەیاندووە کە تیپاتەکان لە مانگی ژوئەندا ڕێژەیەکی زۆر نەوتی هاوردەکراوی ئێرانیان پاشەکەوت کردووە و لە ئێستادا حەزیان لە پاشەکەوتی زیاتر نییە.
ئەم لێکۆڵەرە زیادیشی کردووە کە کۆمەڵێک لە پاڵاوگەکانی چین بۆ هاوردەکردنی نەوتی خاو پێویستیان بە هێندێک بەڵگە و مۆڵەتە کە سنوورداری کردووەتەوە.
وێدەچێت بەرزبوونەوەی ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێران لە مانگی ژوئەندا بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە بووبێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر ١١٥ نەوتهەڵگر، دامەزراوە و کەسی پێوەندیدار بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی قاچاخەوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئەم گەمارۆیانە، گەورەترین پەکەیجی گەمارۆکان لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە بووە.