
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی یەک مانگدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم ١١٠ کەسی لە بەندیخانە جیاوازەکاندا لە سێدارە داون و لانیکەم ٦٧ بەندکراوی دیکەش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم لەسێدارەدانانە لە ماوەی مانگی ژوئیەی ٢٠٢٥ (١٠ی پووشپەڕ هەتا ١٠ی گەلاوێژ) جێبەجێ کراون و لە نێوان قوربانییاندا، ناوی ژنێک، حەوت هاووڵاتیی ئەفغانستانی، ٩ هاووڵاتیی بەلووچ، چوار هاووڵاتیی کورد و سێ هاووڵاتی عەرەبیش، تۆمار کراوە.
ئاماری لەسێدارەدراوان بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو قات بەرز بووەتەوە و لە سێ حاڵەتدا ئەم سزادانە بە شێوەی سەدە نێوەڕاستی و لە بەرچاوی خەڵکەو جێبەجێ کراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنیا ٨ حاڵەتی ئەم لەسێدارەدانانە لە میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگەیەندراون، بابەتێک کە نیشاندەری لایەنە شاراوەکانی سەرکوتی یاسایی لە ئێرانە.
لەپاڵ ئەم سزایانەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداریی داوە کە لانیکەم ٦٧ بەندکراوی دیکە، کە زیاتریان بەندکراوی سیاسی و تۆمەتبار بە سیخوڕین، بەم زووانە جێبەجێ دەکرێن یان لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە، پشتڕاست دەکرێنەوە.
لەسێدارەدانەکان لە ئێران، زیاتر لەژێر سێبەری ڕەوتە دادوەرییە ناڕوونەکان، ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ جێبەجێ دەکرێن. پرسێک کە ناوەندە مافی مرۆییەکان چەندین جار لەبارەیەوە هۆشدارییان داوە.
شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بەشێک لە سیاسەتی ترساندن و سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان، بەتایبەت پاش بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە ساڵانی ڕابردوودایە.
هاوکات پەسەندکردنی بەپەلەی گەڵاڵەگەلێکی وەک "توندکردنەوەی سزای سیخوڕی" لە مەجلیسی ڕێژیم، ئەویش لە کەشی شەڕ و زاڵبوونی دۆخی ئەمنییەتی ناوچەکە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و مافی ژیانی لە ئێران قووڵتر کردووە.