
دوو برای کوردی خەڵکی ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سەرجەم بە ٦٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و سزای تەواوکەر مەحکووم کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ئەمیرعەلی زاکری فەرد، چالاکی مەدەنیی تەمەن ٤٤ ساڵی خەڵکی ئیلام، لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەری ٢ی ئیلامەوە بە سێ سزای ١٠ ساڵە، سزایەکی یەک ساڵە و سەرجەم بە ٣١ ساڵ بەندکرانی داسەپاو دراوە.
هەروەها عێماد زاکری فەرد، بە دوو سزای ١٠ ساڵە، دوو سزای ٥ ساڵە و دوو سزای دوو ساڵە و یەک ساڵ سزادرانی دیکە و سەرجەم بە ٣٤ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ئەم دوو برایەی بە تۆمەتەکانی وەک: بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام، بێڕێزی بە خامنەیی، پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، ڕاگرتنی چەک و تەقەمەنی بە شێوەی نایاسایی، ڕاگواستنی چەکی ساچمەزەن، کۆبوونەوە و کەینوبەین دژی تەناهیی نێوخۆیی، تێکدانی ئاسایشی گشتی، ڕاگرتنی خواردنەوەی ئەلکولی و پێداویستییەکانی ماهوارە" تۆمەتبار کردووە.
ئەمیرعەلی زاکری فەر لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، جارێکی دیکە لە ٢٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست، بێڕێزی بە خامنەیی و هەوڵی میدیایی و پڕوپاگەندە لە سۆشیاڵ میدیا دژی حکوومەت" تۆمەتبار کرا.