کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای لوبنان: چەک دانانێین و مووشەک دەڕژێنینەوە بە سەر ئیسرائیلدا

12:36 - 15 گەلاوێژ 2725

حیزبوڵلای لوبنان پڕۆسەی چەکدانانی خۆی ڕەت دەکاتەوە و هەڕەشە لە دەسپێکردنەوەی مووشەکبارانی خاکی ئیسرائیل دەکات.
نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشە سەربازییەکانی خۆی لە دژی ئەم گرووپە پەرە پێ بدات، حیزبوڵڵا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەست پێ دەکاتەوە.
ناوبراو لە وتارەکەیدا وتی: "بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە پەرەدان بە داگیرکاری نییە و ئەگەر پەرەی پێ بدات، حیزبوڵڵا بەرگری دەکات و ئەم بەرگرییەش دەبێتە هۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان لەنێو خاکی ئیسرائیلدا".
ڕێبەری ئەم گرووپە چەکدارییە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، بە ئاماژەدان بە پڕۆسەی چەککردن زیادی کردووە کە حیزبوڵڵا هەر چەشنە خشتەیەکی کاتی بۆ چەکدانان ڕەت دەکاتەوە.
حیزبوڵڵا پێشتر ڕایگەیاندووە کە تا کاتی پاشەکشێی ئیسرائیل لەنێو خاکی لوبنان و کۆتاییهێنان بە هێرشە ئاسمانییەکانی، سەبارەت بە چەکدانان هیچ دانوستانێک ناکات و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە تەنیا تایبەت بە ناوچەکانی باشووری ڕووباڕی "لیتانی"ـیە و ڕادەستکردنی چەک لە ناوچەکانی دیکەی لوبنان ناگرێتە خۆی.
ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە بە گشتگیر دەزانن و دەڵین کە دەبێت حیزبوڵڵا لە هەموو ناوچەکانی لوبناندا چەک بکرێت.
دەوڵەتی لوبنان لەلایەن ئەمریکاوە لەژێر گوشاردایە تاکوو پرۆسەی چەککرانی حیزبوڵڵا جێبەجێ بکات.
پاییزی ساڵی ڕابردوو ئاگربەستێک لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هاتە ئاراوە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە حیزبوڵڵا دەبوو چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەتی لوبنان بکات و ئیسرائیلیش لەنێو خاکی لوبنان پاشەکشێ بکات.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە پینج خاڵی لە لوبنان چۆڵ نەکردووە کە ڕۆڵی چاوەدێرییان بۆ پاراستنی نزیک بە ٦٠ هەزار ئیسرائیلی لە درێژایی سنوورەکانی باکووری ئەم وڵاتە دابین کردووە.
حیزبوڵڵای لوبنان پاش دەسپێکی شەڕی نیوان ئیسرائیل و حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لەم گرووپەی دیکەی سەر بە تاران، هێرشی مووشەکیی کردە سەر خاکی ئیسرائیل.
ئەرتەشی ئیسرائیل پاش ئەم هێرشانەی حیزبوڵڵا لە ڕێگەی ئاسمانی و زەوییەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی لەنێو خاکی لوبناندا ئەنجام دا کە بوو بەهۆی کوژرانی هەموو ئەندامانی بازنەی ڕێبەریی حیزبوڵڵا و لەنێوچوونی بنکە سەربازی و کۆگاکانی چەکوچۆڵی ئەم گرووپە لە سەرتاسەری لوبنان.
هەزاران چەکداری حیزبوڵڵا لەم هێرشانەدا کوژران و بریندار بوون.