کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

15:49 - 15 گەلاوێژ 2725

لە درێژەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە کوردستان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ دوابەدوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و سەبارەت بە چارەنووسی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەریوان، پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر گوندی باڵاگیر لە شنۆ و جیا لە دروستکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵکی ئەم گوندە، بە بێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی "ئەبووبەکر عوقابی" و کارتی پێناسی میللی و پاسپۆرتی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەم هاووڵاتییە پاش سەردانی ئیتلاعاتی شنۆ بە مەبەستی بەدواداچوون و وەرگرتنەوەی بەڵگەکانی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

کوردپا ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە چارەنووسی ئەبووبەکر عوقابی زانیارییەک لەبەر دەستدا ییە و دەسبەسەرکرانی بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ڕەفیق مستەفایی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی گوندی مووسک لە مەریوان، سەبارەت بە چارەنوس و شوێی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕەفیق مستەفایی لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژدا و لە شوێنی کارەکەی خۆی لە کارگەیەکی دروستکردنی ئاجۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا لە مافی پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێ ئاکام بووە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هیچ وڵامیکی ڕوونیان پێ نەداونەتەوە.