کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی سەرکوتەکانی ڕێژیم پاش شەڕ/ دەسبەسەرکردنی ٥٥ هاووڵاتیی کورد لە مانگی جوولای

16:06 - 15 گەلاوێژ 2725

کۆماری ئیسلامی لە پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی لە کوردستان و ئێران چڕتر کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو کە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکە ١٤٧ هاووڵاتیی دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژیم لە ماوەی مانگی جوولایدا لانیکەم ٨١ هاووڵاتیی کورد، ١٨ هاووڵاتیی بەلووچ، ١٧ ژن و ٣ منداڵی دەسبەسەر کردووە یان ڕفاندووە کە ئەم ئامارە لە چاو مانگی جوولای ساڵی ڕابردووی زایینی ٦٠ لە سەد زیادی کردووە.
کۆماری ئیسلامی لە مانگی جوولای ٢٠٢٤ـدا ٩٢ هاووڵاتیی لە کوردستان و ئێراندا دەسبەسەر کردبوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە پارێزگای ورمێ بە ٤٠ کەس کە ٣٩ـیان هاووڵاتیی کورد بوون و تەنیا یەک هاووڵاتیی تورکی تێدایە و پارێزگای سنە ٣١ کەس، زۆرترین حاڵەتەکانی دەسبەسەرکردنەکان تۆمار کراون.
پارێزگای بەلووچستان بە ١٥ کەس لە پلەی سێیەمدایە.
هەنگاو زیادی کردووە کە هاووڵاتییەکی ئەمریکایی یەهوودی، ٢ پەنابەری ئەفغانستانی و ٢ هاووڵاتیی بیانیی دیکە لەنێو دەسبەسەرکراوان و ڕفێندراوانی مانگی جوولایدان.
هەروەها ٧ چالاکی "بەهایی" و چالاکێکی مەسیحی لەنێو ئەم ئامارەدان.
هەنگاو لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە کەسایەتیی هەموو ئەم ١٤٧ کەسە دیارە.
بە وتەی کارناسانی سیاسی و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان، کۆماری ئیسلامی پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، سەرکوتی سیستماتیکی خەڵکی بەمەبەستی تۆقاندن و هەروەها سەرپۆش خستنەسەر شکستەکانی لەم شەڕەدا، چڕتر کردووەتەوە.
ڕێژیم لەم ماوەیەدا بە بیانووە بێبنەماکانی وەک دەسبەسەرکردنی ئەندامانی مووساد لە ئێران، سەرکوتی خەڵکی چڕتر کردووەتەوە تاکوو پێش بە هەر چەشنە خۆپیشاندانێکی خەڵک بگرێت.