
دەرهاویشتەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە هێشتا بە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە قورسایی دەکات و بەپێی هەڵسەنگاندنەکان نیو تریلیۆن دۆلار لە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە زیانی پێ گەیشتووە.
بەپێی زانیاریی هەواڵدەرییە جیهانییەکان، هەڵسەنگاندنی کارناسانان و بەرپرسانی ئیسرائیلی نیشان دەدات کە سەرەڕای کەمیی کات، هێرشەکان توانیویانە زیانی لەڕادەبەدەر بگەیەننە ژێرخانە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ئەگەری دووبارە هەڵگیرسانی شەڕ لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئارادایە.
کارناسانانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کردووە کە پێش هێرشەکانی ئیسرائیلیش ڕێژیمی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبان، کاناڵە پرتووکاوەکان و کەناراوە پواوەکان پێویستی بە ٥٠٠ میلیارد دۆلار سەرمایەی دەرەکی بووە و دوای شەڕیش نزیک بە نیو تریلیۆن دۆلار پارەی دیکەی بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی بنکە ناوکی، سەربازی و ئابوورییەکان پێویستە.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی بەرپرسان و کارناسانی ئیسرائیلی، ئەو پارە و سەرمایەی ڕێژیمی تاران بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانی تەرخانی کردبوو ئێستا دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی وێرانییەکانی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە بەکاری بێنێت.
بەپێی ئەو ئامارانە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لانیکەم ١٢٠ باڵەخانەی نیشتەجێبوون، وزەخانە و دامەزراوەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو براون.
هەروەها باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی تاران لە ئێستادا لەگەڵ کاراکردنی سزاکان، کەمبوونەوەی متمانەی نێونەتەوەیی و کەمبوونەوەی کڕیارانی نەوت لەوانەش چین ڕووبەڕوویە.