کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئێران دوو مانگی مابوو کە دەستی بە بۆمبی ناوکی ڕابگا

16:51 - 15 گەلاوێژ 2725

دۆناڵد ترامپ ئێوارەی سێشەممە، ١٤ی گەلاوێژ، لە لێدوانێکی کورتدا بۆ ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران "تەنیا دوو مانگی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی مەودا هەبوو" و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم پرۆسەیەیان ڕاگرتووە.

بە وتەی ترامپ، هێرشە هاوبەشە نیزامییەکان بۆ سەر سێ دامەزراوەی ناوکیی ئێران لە یەکی پووشپەڕدا کە بە کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی  بی-٢ و مووشەکی تاماهاک ئەنجام درا، بە تەواوی دامەزراوە ناوکییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانی لەنێو برد.

سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی: ''ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردبایە، تا ئێستا بۆمبیان دروست دەکرد، ئێمە ئێرانمان ڕاگرت؛ بەڵام ئەگەر هەوڵی دەستپێکردنەوە بدەن، خێراتر لەنێویان دەبەین.''

هەروەها ترامپ بەرهەڵەستی هەڵسەنگاندنەکانی ئەم دواییەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بووەوە. تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران بەرەو بۆمبی ئەتۆمی هەنگاوی نابێت.

سەرەڕای ئەم ئیدیعایانە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی تا ئێستا ڕاپۆرتێکی فەرمی سەبارەت بە ڕادەی زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ توانای ڕێژیمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بڵاو نەکردووەتەوە.

شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە هەرچەندە بەشێک لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام ئێران هێشتا توانای تەکنیکی و پیتاندنی ئورانیۆم و توانای نۆژەنکردنەوەی هەیە.