
کۆماری ئیسلامی زانایەکی ناوکیی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، لە سێدارە دا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم، ڕووزبە وادی، زانای ناوکی و ئەندامی توێژینگەی زانست و تێکنۆلۆژیی ناوکی سەر بە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ لە سێدارە دراوە.
سەرچاوەکانی ڕیژیم هیچ ئاماژەیەکیان بە کاتی دەسبەسەرکران و ڕەوتی دادگاییکردنی ئەم زانا ناوکییە نەداوە و تەنیا ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو پاش تێپەڕبوونی پڕۆسەی دادوەرییەکەی سەر لە بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو لە سێدارە دراوە.
هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم سەبارەت بە وادی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو دانی بەوەدا ناوە لەگەڵ مووساددا هاوکاریی کردووە.
کاناڵی تێلێگرامی زانکۆی "ئەمیرکەبیر" بڵاوی کردووەتەوە کە وادی دەرچووی دوکتۆرای ئەم زانکۆیە بووە و ساڵی ١٣٩٠ وتارێکی هاوبەشی لەگەل عەبدولحەمید مینووچێهر و ئەحمەد زوڵفەقاری، دوو زانای گرینگی ناوکی بڵاو کردووەتەوە.
مینووچێهر و زوڵفەقاری لە هێڕشەکانی ئیسرائیل لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کوژران.
بە وتەی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، وادی سەردانی ڤییەن، پێتەخەتی ئوتریشی کردووە تاکوو لەگەڵ مەئموورانی مووساد چاوپێکەتنی هەبێت و پاشان بۆ ئەنجامی ئەرکەکانی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ تاران.
کۆماری ئیسلامی پاش کۆتاییهاتنی شەڕ بەبیانووی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیخوڕانی مووساد دەستی کردووەتە دەسبەسەرکرانی خەڵک.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بەم دەسبەسەرکرانانە هۆشداریی دابوو.