کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەباس عێراقچی: وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بە بەرژەوەندییەکانمانەوە گرێ دراوە

11:13 - 16 گەلاوێژ 2725

 وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەسپێکردنەوەی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا وتی: "لە ئێستادا بڕیارێکی لێبڕاوانە بۆ ئەو مەبەستە نەدراوە، هەندێک قسە لە نێوانماندا ئاڵوگۆڕی پێ کراوە و بەردەوامیی ئەو ڕەوتە گرێ دراوە بە بەرژەوەندییەکانی ئێمەوە".

 ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، وەزیری دەرەوەی کاروباری ڕێژیم ڕایگەیاند: "لە هەر کوێیەک پێویست بێت، ئێمە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانمان شەڕ دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش لە هێزی خۆمان و خەڵکەکەمان کەڵک وەردەگرین".

 ئەو وەزیرەی ڕێژیم هەروەها ئاماژەی بە سەردانی شاندی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بۆ تاران داوە و لەو بارەوە وتوویە: "ئەو سەردانە بە مەبەستی وڵامدانەوە بە هەندێک لە دواخوازییەکانی ئەو ئاژانسەیە".

عێراقچی بەبێ ئاماژەدان بە کاتی سەردانەکە باسی لەوە کرد کە داوامان لە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس کردووە کە بۆ وتووێژ سەردانی تاران بکات و جەختی کردەوە کە ئەو سەردانە بۆ "هەڵسەنگاندن و چاوەدێری" بۆ سەر بەرنامەی ناوکییەکان نییە و کۆماری ئیسلامی ڕێگە بە وەها کارێک نادات.

ناوبراو لەو لێدوانە چەواشەکارانەدا ویستوویە کە دەرهاویشتەی مێکانیزمی ماشە کەمڕەنگ بکاتەوە و زیادیشی کردووە: "مێکانیزمی ماشە زۆر لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورە کراوەتەوە و لە پێش چاوی خەڵکدا زەق کراوە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە شوێندانەرییەکی ئەوتۆی لەسەرمان نابێ".

 هەر لەو پێوەندییەدا ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ ڕایگەیاند: "بەپێی یاسای پەسەندکراوی مەجلیس، نەک ڕێگە بە دەسپێڕاگەیشتنی فیزیکی بە دامەزراوە ناوکییەکان بەو ئاژانسە نادەین، بەڵکوو هیچ شاند و ناوەندێکی دەرەکیش مافی چاوەدێریی بە سەر بەرنامە ناوکییەکانی ئێمەی نییە ".

شایانی باسە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا ڕوو لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وتی: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەرنامە ناوکییەکانی خۆی دووبارە دەست پێ بکاتەوە، بە خێرایی لەنێوی دەبەین".

هەروەها هەر سێ وڵاتی ئورووپایی بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە چەندین جار هۆشدارییان بە تاران داوە کە لە ئەگەری دەروەست نەبوون بە ڕێککەوتننامەکە، مێکانیزمی ماشە کارا دەکەن.