
ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا و بە پشتبەستن بە بەڵگەیەکی نهێنی، باسی لە پیلانێکی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی ڤێنۆزۆئێلا کردووە کە ویستوویانە کەسانێک بۆ ئەنجامی هەوڵە تێرۆریستییەکان ڕەوانەی وڵاتی ئەمریکا بکەن.
ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە کۆماری ئیسلامی بە هاوکاریی ڕێژیمی نیکۆلاس مادۆرۆ، دیکتاتۆری ڤێنۆزۆئێلا، هەوڵی داوە پاسپۆڕتی ساختە بۆ کەسانێک لە ئێران، لوبنان و سووریە دروست بکەن تاکوو بۆ ئەنجامی هەوڵی تێرۆریستی بچنە نێو خاکی ئەمریکاوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم کەسانە بە کەڵکوەرگرتن لەم پاسپۆڕتە ساختەییانە و بەبێ ڤیزا دەچنە ئەمریکای باشوور و پاشان لەوێوە بە تێپەڕکردنی سنوورەکانی باشووری وڵاتی ئەمریکا، لە ڕێگەی قاچاخەوە دەچوونە نێو خاکی ئەم وڵاتە.
دەیلی مەیڵ زیادی کردووە کە بەشێکی زۆر لەم کەسانە هیچ پێوەرێکی وەرگرتنی پاسپۆڕتی ڤێنۆزۆئێلایان نەبووە و تەنانەت هێندێکیان لە تەمەنی ٢ ساڵانەوە پاسپۆڕتیان بۆ وەرگیراوە و لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٠ تاکوو ٢٠١٩ چوونەتە نیو خاکی ئەمریکاوە.
جاناتان گیلیام، توێژەری دژە تێرۆریزم بەم ڕۆژنامە بریتانیاییەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەری هێرشە تێرۆریستییەکان لە نێو خاکی ئەمریکادا پاش بەشداریکردنی ئەم وڵاتە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا زۆرە.
گیلیام لەم پیوەندییەدا دەڵێت: "ئەم تۆڕە لە کەسانێک کە بە شێوەی قاچاخ چوونەتە نێو خاکی ئەمریکاوە پێک هاتووە و تاکوو ئێستا لەم وڵاتە جێگیر کراون و ئامادەی ئەنجامی ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانیانن".
میسائێل لۆپێز، ڕاوێژکاری حقووقیی باڵوێزخانەی ڤێنۆزۆئێلا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا دەری خستبوو کە کۆمەڵێک پاسپۆڕت بە کەسایەتیی ساختەییەوە بۆ کەسانێکی عەرەب دروست کراوە.
ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە هەبوونی ئەم تۆڕانە لە ئەمریکا هۆشداریی داوە کە ئەگەری چالاکبوونی "خانە نووستووەکان"، پاش هێڕشی ترامپ بۆ سەر ئێران زۆرە.
ئێف بی ئای ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٣ی زایینی زیاتر لە ٣٨٠ هەزار پەنابەری ڤێنۆزۆئێلایی و هەزار و ٥٠٤ ئێرانی لە ڕێگەی قاچاخەوە چوونەتە نێو خاکی ئەمریکاوە.
پاش هێڕشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە کاتی شەڕدا، سەرچاوە ئەمنییەتییەکان هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی بە یارمەتی میلیشیاکانی خۆی هەوڵی تۆڵەکردنەوە و ئەنجامی هێرش لە نێو خاکی ئەمریکا ئەدات.