
لەنێو شەپۆلێکی گەرمای بێوێنە و پچڕانی بەردەوامی کارەبا، خەڵکی شاباد لە پارێزگای کرماشان ئێستا لەگەڵ قەیرانی بەربڵاوی ئاو و کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.
بەگوێرەی ئەو هەواڵ و وێنانەی کە لە شابادەوە بڵاو کراونەتەوە، بەهۆی نەبوونی ئاوی بۆرییەوە، هاووڵاتییان ناچارن بە تۆنگەوە لە ڕیزی دوور و درێژدا بوەستن و چاوەڕێی تانکەری ئاوی گەڕۆک بن تاکوو بتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.
بەشێک لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە وتوویانە، پچڕانی ئاو لە گەڕەکە جیاوازەکان لە چەند کاتژمێرێکەوە تا چەند ڕۆژێک دەخایەنێت و لەم ماوەیەشدا، نەک هەر دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە زەحمەتە، بەڵکوو مەحاڵ بووە کە کاروباری ڕۆژانەی وەک چێشتلێنان و جلشۆردن ئەنجام بدرێت.
گەرمای تاقەتپڕووکێن و پچڕانی بەردەوامی کارەبا و قەیرانی ئاو گوشارێکی زیاتری خستووەتە سەر خەڵکی ئەم ناوچەیەی کوردستان و نەبوونی کارەبا وای کردووە کە ئامێری فێنککەرەوە بەکار نەهێنرێت و نەبوونی ئاوی پاکیش مەترسیی گەورەی لەسەر تەندروستیی گشتی دروست کردووە.
سەرەڕای هۆشداریی بەردەوامی خەڵک و میدیاکان سەبارەت بە تێکچوونی ژێرخانی ئاو و کارەبا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیمەوە نەگیراوەتە بەر.