
لە درێژەی هەوڵی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دەسبەسەرکردنی خەڵکی بێتاوان لە سەرانسەری ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و شاردنەوەی شکستەکانیان لە ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ڕۆژنامەی "ساندی تایمز" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ١٠٠ کەس بەو تۆمەتە لە سێدارە بدات.
ڕۆژنامەی "ساندی تایمز"ی بریتانیایی لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە سەرکوتی ژنانی بەندکراو لە ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین کردووە و لەبارەی ئەگەری لەسێدارەدانی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.
ساندی تایمز لە زاری کچە چالاکێکی خوێندکاریی دەسبەسەرکراو لە ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، نووسیویەتی: "هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەندیخانەی ئێڤین لە کاتی هێرشی ئیسرائیلدا هەوڵیان دا بەندکراوان لەژێر ئەو وێرانییەدا بنێژن".
هەروەها ئەو کچە چالاکە خوێندکارییە بە "ساندی تایمزی" وتووە کە" لە دوای دەسبەسەرکرانم، منیان بۆ دابڕگەی بەندیخانەی قەرچەک گواستەوە و دوای دوو ڕۆژ ناردمیان بۆ خانوویەکی ئەمنیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شوێنێکی نادیار".
ئەو کچە خوێندکارە هەروەها باسی لە چۆنیەتیی خانووی ئەمنی ئیدارەی ئیتلاعات کردووە و وتوویەتی: "ئەو خانووە زۆر ترسێنەرە، بەپێچەوانەی بەندیخانەی ئاساییەکان کە لانیکەم لە چوونەژوورەوەدا ناوت تۆمار دەکەن، لێرەدا و لەو شوێنە نادیارە لە هیچ کوێیەک ناوت تۆمار ناکرێت، یاسایەک بوونی نییە، لێکۆڵەرەوەکان هەڕەشەی دەستدێژییکردنیان لێم دەکرد و دواتر دەیانوت کە دەتکوژین و تەرمەکەت لە بیاوانێک فڕی دەدەین".
لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، عهلی ساڵحی بهناو دادستانی تاران ڕایگهیاندبوو بۆ ئهو کهسانهی له دوای هێرش بۆ سهر بهندیخانهی ئێڤین به تۆمهتی سیخوڕی و ناردنی زانیاری به ئهرتهشی ئیسرائیل دهسبهسهر کراون، دۆسییهی یاسایی پێک دێنین و بهو ئاسانییه لێیان خۆش نابین.
هەروەها پێشتر سەعید مۆنتەزێرەلمەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، ٢١ هەزار کەسی گۆماناوی دەسبەسەر کران.