کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی کورد سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

10:54 - 18 خەرمانان 2725

ئاریەن ڕۆستەمی لاوی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێ ڕاپۆرتی کوردپا، ڕێکەوتی ١٨ خەرمانانی ١٤٠٤، لاوێکی کورد بە ناوی "ئاریەن ڕۆستەمی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە قەسر شیرین بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر نەریماان شەفیعی، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.  

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا پشتی بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی قەسری شیرین بۆ دەرکردنی ئەم حوکمە لەسەر ئەم هاووڵاتییە بەستووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: بڕیاری دادگای سەرەتایی لە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ بە ئاریەن ڕۆستەمی گەیەندراوە.

ئەو حوکمەی کە لە دژی ئەم لاوە کوردە دەرچووە بە شێوەی حزووری و لە ماوەی بیست ڕۆژ دوای ئاگادارکردنەوە دەتوانرێت لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشانەوە  پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.

ئاریەن ڕۆستەمی کوڕی کەیکاوس خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران بووە و ماوەیەک پێش ئێستا گەڕاوەتەوە ئێران.