کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ ئەنجومەنی کرێکاری: بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە و لێکەوتەکانی زیندوون

11:29 - 18 خەرمانان 2725

٢٤ ئەنجومەنی کرێکاری بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە کۆتاییهێنان بە ئاپارتایدی ڕەگەزی و وەدیهاتنی ئازادییە بێمەرجە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، ئامانجی بەردەوامیان دەبێت.
ئەم بەیاننامەیە کە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانان بڵاو کراوەرتەوە، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ـی وەک لێکەوتە و دەرەنجامی زیاتر لە چوار دەیە خۆڕاگری لە قەڵەم داوە و جەختیشی کردووەتەوە کە داخوازییەکانی کۆمەڵگا لە ناڕەزایەتی بە هەژاری و هەڵاواردن، تا دژایەتی لەگەڵ سەرکوت و سووکایەتی، بەردەوامە و زیندووە.
بەیاننامەکە زیادی کردووە کە قەیرانەکانی وەک کەلێنی قووڵ لە نێوان هەژاری و سامان، هەڵاواردنی ڕەگەزی، کۆبوونەوەی هێز لە چنگی کەمینەیەکی بچووک و سەرکوتکەر، هەرزانکردن و نەدانی مافی هێزی کار، گەندەڵیی پێکهاتەیی، بیکاریی بەربڵاو، پەنابەریی میلیۆنی، وێرانبوونی ژینگە، بەفیڕۆدان و تاڵانکردنی سەرچاوەکان و سەرکوتی سیستماتیک، بەرهەمی پێکهاتەیەکی ستەمکار، جیاکار و سەرەڕۆی ئیسلامی سیاسییە.
ئەنجومەنەکان بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی بەردەوامیی شەڕ بۆ سەر خەڵک ڕایانگەیاندووە، ئەم دۆخە ئاکامی سیاسەتی شەڕەنگێزانە و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی و پێداگری لەسەر دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و پاراستنی هێزە میلیشیاکانی ڕێژیمە.
واژۆکەران ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانەی خەڵک لەسەر بژیوی ژیان و خۆڕاگرییەکانیان لەهەمبەر وێرانکارییە ژینگەییەکان تاکوو داخوازییەکانی بەندکراوانی سیاسی و ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانیان وەک درێژەدەری هەمان ئەو بزووتنەوەیە لە قەڵەم داوە و جەختیشیان کردووەتەوە کە ئەم تێکهەڵچوونانە بەشێکی زیندوون کە نیشاندەری بەردەوامبوونی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیە.
ئەم ٢٤ ئەنجومەنە لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا ڕێگەی گەیشتنی خەڵک بە داهاتوویەکی خۆشبژیو، ئازاد و یەکسانیان، ڕێکخستنی ئەنجومەنە مەدەنییەکان و ئیرادەی بەکۆمەڵ لە پێکهاتەی سیاسیی وڵات زانیوە و داوایان لە هەموو هێز و لایەنە پێشکەوتووەکان کردووە کە لە چوارچێوەی داخوازییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە، یەکگرتوویی خۆیان پەرە پێ بدەن.